سەردێر

خوێندكارێكی كۆلێژی پزیشكی بێسەروشوێنە

خەڵك-

بەهۆی بەشداریكردنیان لە خۆپیشاندانەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی خۆپیشاندانی خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی چەند خوێندكارێك دەستگیر كراون و تاكو ئێستا بێسەروشوێنن.

فاتمە عەلی دایكی یەكێك لە خوێندكارەكان لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پاش نیوەڕۆی دوێنێ كوڕەكەم كە خوێندكاری قۆناغی دووەمی كۆلێژی پزیشكییە، لەماڵەوە بوو وتی دەڕۆم سەردانی هاوڕێكانم دەكەم و بەشداری خۆپیشاندان دەكەم، بەڵام بەداخەوە دوای كاتژمێر 4 خۆی و ئۆتۆمبێلەكەی دیار نین.
وتیشی” ئەو خوێندكارانە داوای مافی ڕەوای خۆیان دەكەن و داوایان لە حكومەت كرد مافەكانیان بۆ بگێڕنەوەن”.
ئاشكراشیكرد، لە دوێنێوە و بەدرێژای ئەمشەو گەڕاوین و پەیوەندیمان بە چەند شوێنێكی پەیوەندیدارەوە كردووە، بەڵام تاكو ئێستا كوڕەكەمان بە ئۆتۆمبێلەكەیەوە هیچ سۆراخێكی نییە، پێمان وابوو دەستگیر كرابێت و كەوتبێتە نێو ئەو ڕەشبگیرییە، بەڵام خۆی و سەیارەكەی فڕێنراون و تا ئێستا دیار نین.
ڕوونیشیكردەوە، ئەمە پەیام و ئاماژەیەكی زۆر خراپە و وادەكات تەواوی خوێندكاران ڕقئەستور بكات و هیچ هیوایەكیان بەم دەسەڵاتە نەمێنێت، داواش لە حكومەتی هەرێم و وەزیری خوێندی باڵا و وەزیری دارایی دەكەم بێنەسەر خەت و داوای خوێندكاران یەكلایی بكەنەوە، ناكرێت مافی خەڵكی نادیدە بگرن و پشێوی لە شاردا دروست بكەن.