سەردێر

“خۆپیشاندانەكان كاریگەری لەسەر سەردانیكارانی پێشانگای كتێب دروست نەكردووە”

خەڵك-

بەڕێوەبەری كارگێڕی و پەیوەندییەكانی پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، خۆپیشاندانەكان كاریگەری لەسەر سەردانیكارانی پێشانگای كتێب دروست نەكردووە.

بە بەشداری زیاتر لە ٤٠٠ ناوەندی بڵاوكردنەوەی كتێب كە لە ١٧ وڵاتی جیاوازەوە هاتوون و بە ٧ زمان بەرهەمەكانیان نیشان دەدەن تێیدا، پێشانگای نێودەوڵەتی كتێب بەردەوامی هەیە و بڕیارە تاكو 27ی ئەم مانگە بەردەوام بێت، هاوكات بەهۆی داخستنی شەقامی سەرەكی سلێمانی تاسڵوجە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە كاریگەری لەسەر سەردانیكارانی سلێمانی دروست كردووە.

شەوقی عومەر بەڕێوەبەری كارگێڕی و پەیوەندییەكانی پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لە پاش نێوەرۆی دوو ڕۆژی سەرەتای خۆپیشاندانەكانەوە كاریگەرییەكی كەمی هەبووە، بەڵام ئەوەی دەهات بۆ سەردانی پێشانگاكە دواجار ڕێگایەكی دەدۆزییەوە بۆ سەردانیكردن بەتایبەت شار وشارۆچكەكانی دەروبەری سلێمانی كێشەیان نەبوو.
وتیشی”پێشانگای كتێب لەبەرئەوەی نێودەوڵەتییە لە سەرتاسەری هەرێم و عێراقەوە سەردانیكار دەهات و خۆپیشاندانەكان هیچ ڕۆڵێكی نەرێنی نەبوو لەسەر ئەوانەی لە دەرەوە دەهاتن وە سەردانیكار بەشێوەیەكی باش دەهات و بەردەوام بوو”.
سەبارەت بە جیاوازی پێشانگای ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ناوبراو ئاشكراشیكرد، دۆخی دارایی هاووڵاتیان ئەمساڵ لە ساڵی ڕابردوو باشترە و ئاستەنگەكە گونجاوترە بۆ خەڵكی، لە ڕووی كوالێتی پێشانگاكە و هەمەجۆری سەرچاوەكانیشەوە بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی ساڵ لەدوای ساڵ باشتر دەبێت و ساڵانە بڵاوكراوەی نوێ دێتە نێو پێشانگاوە، ئەوانەی كوالێتی و نرخ ڕەچاو ناكەن و بەرهەمەكانیان گونجاو نییە، ساڵانە ئەو بەرهەمانە لادەبەین و فلتەریان دەكەین بۆ ئەوەی خەڵكی كوالێتی باشتر بێتە نێو پێشانگاكە و بەشداری بكات.