سەردێر

“شێوازی ئیدارەدانی ئێستا، هەرێم دەخاتە مەترسییەكی گەورەوە”

خەڵك-

ئەندامێكی پەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەو جۆرە ئیدارەدانەی هەرێم ناوبانگی ناشرینتر دەبێت و دوور نییە هەموو هەرێمەكە بە گەلەكەشییەوە بكەوێتە مەترسییەكی گەورەوە.

بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان لەلایەن چەند حزبێكەوە، بەشێوەیەكە كە نەیانتوانیوە بەدەم داخوازی دانیشتوانەكەیەوە بچن و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ قەیران دروست دەبێت و چارەسەرەكەشی جگە لە پینەكردنێكی كاتی، كار بۆ چارەسەری هەمیشە نادرێت.

عومەر گوڵپی ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، میدیا و سۆشیال میدیا و نزیكبوونەوەی دونیا لە یەكتری، وایلێهاتووە دەسەڵات ناتوانێت ئەو دۆخەی لە هەرێم هەیە بیشارێتەوە.
وتیشی”ئەو كێشە و گرفتانەی لە هەرێم هەیە قەیرانی گەورەن و ئیرادەی سیاسی گەورەیان دەوێت، ڕاچڵەكین و بەخۆداچوونەوەیان دەوێت، دەبێت دەسەڵات بزانێت بەم جۆرە ناتوانێت ئیدارەی هەرێم بدات، بەو جۆرە ئیدارەدان و بەڕێوەبردنە گەلی كورد و هەرێم و خۆشیان دەخەنە بەردەم مەترسی گەورەوە”.
ئاشكرایكرد، ئێستا بە هەزاران كەس ڕێگای كۆچیان گرتووەتەبەر، دەبێت ئەمە بە ڕووداوێكی گەورە تەماشا بكرێت، بێیت بەیاننامە دەركەیت و بڵێیت خەڵك لەبەر ئازادی نەڕۆیشتووە، خەڵك لە برسا نەڕۆیشتوو، ڕاستەكەی ئەوەیە لە سنووری پارێزگای دهۆك زیاتر لە 80 كەست دەستگیركردووە ئەویش لەسەر باسكردنی گەندەڵی و خۆپیشاندان و دەربرینی ڕاوبۆچونیان و ڕەخنەگرتن لە حكومەت، ئەو كەیسانە ڕاستەقینەن، دڵنیام دەسەڵات دەزانێت ئەم دۆسیە ڕەنگدانەوەی زۆر ناشرینی دەبێت لەسەر ئەوان.

ڕوونیشیكردەوە، هەرێم بەو جۆرە ئیدارەدانە ڕۆژ بەڕۆژ لاوازتر دەبێت و ناوبانگی هەرێمیش ناشرینتر دەبێت و دوور نییە هەموو هەرێمەكە بە گەلەكەشییەوە لەسایەی ئەم شێوازە بەڕێوەبردنەوە بكەوێتە مەترسییەكی گەورەوە كە دواتر پەشیمانی دادی كەس نادات.