سەردێر

زیاد لە 2 ملیار دینار بۆ پاركی هەواری شار تەرخانكرا

خەڵك
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان ئاشكراكرد دوو ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دینار بۆ پاركی ھەواری شار لە سلێمانی خەرج دەكرێت.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان دەڵێت: لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی درا لەسەر خەرجكردنی گوژمەی ٢,٢٠٠,٠٠٠,٠٠٠ ملیار دینار بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار/ سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی، بە مەبەستی جێبەجێكردنی پڕۆژەی بەڕێوەبردن و چاكسازیی پاركی ھەواری شار لە پارێزگای سلێمانی.

روونیشیكردەوە ئەو بڕە پارەیەش قۆناغ بە قۆناغ و بە شێوەی نەختینە خەرج دەكرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، دوای ئامادەكردن و گرتنەبەری گشت ڕێكارەكانی پرۆسەی تەندەرین، پڕۆژەكە چووەتە بواری جێبەجێكردن.

پێشتر لەمیانەی سەردانیكردنی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ شاری سلێمانی، ڕەزامەندی درا لەسەر تەرخانكردن و خەرجكردنی گوژمەی (٤,٥٢٧,٤٥٤,٥٠٠) ملیار دینار، لەسەر بودجەی وەگەڕخستن بە شێوەی نەختینە و قۆناغ بە قوناغ بەمەبەستی جێبەجێكردن و بەڕێوەبردن و چاكسازی لە چەند پرۆژەیەكی پارێزگای سلێمانی و پارەكەش لەسەر بودجەی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی خەرج دەكرێت.