سەردێر

موستەفا كازمی هەڵوێستی لەسەر خۆپیشاندانەكانی هەرێم ڕاگەیاند

خەڵك-

سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، خۆپیشاندانەكانی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت شاری سلێمانی پێویستی بە هەڵوێستی بەرپرسانە هەیە بۆ پاراستنی ئاسایشی كۆمەڵایەتی.

موستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە هەژماری خۆی لەتویتەر پەیامێكی لەبارەی خۆپیشاندانەكانی هەرێم بڵاوكردەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ڕووداوە ئازاربەخشەكانی ئەم دوایەی هەرێمی كوردستان بەتایبەت شاری سلێمانی ئازیز، پێویستی بە هەڵوێستی بەرپرسانە هەیە بۆ پاراستنی ئاسایشی كۆمەڵایەتی.
وتیشی”خۆپیشاندانی ئاشتیانە مافێكی دەستورییە بۆ هەمووان، دەستدرێژی بۆ سەر خۆپیشاندەران و موڵكی گشتی و تایبەت ڕەتكراوەیە”.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا خۆپیشاندانی ناڕەزایی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگەكان لە شارەكانی سلێمانی، رانیە، هەڵەبجە، كەلار و هەولێر دەستیپێكردووە و داوای باشتكردنی ژیانیان و پێدانی دەرماڵە دەكەن.
هاوكات دوێنێ لە قەزای سەید سادق و دەربەندیخان و پیرەمەگرونیش خۆپیشاندان دەستیپێكرد و چەند بارەگایەكی حزبی و حكومی سوتێنران.