سەردێر

هاوپەیمانییەكەی مالیكی: دەبێت ئەمریكا لە عیراقدا نەمێنێت

خەڵك-
هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كە لەلایەن نوری مالكییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت ڕایگەدەگەیەنێت، چوونەدەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا ڕێكەوتنی لەسەركراوە، بە تایبەت دوای سەردانەكەی سەرۆك وەزیران بۆ واشنتن و بەستنی ڕێكەوتنی كۆتایی لەو بارەیەوە.

محەمەد سەیهود، سەركردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق كاتییە، ویلایەتە یەكگرتووەكان لە هەموو بۆنەكاندا چوونەدرەوەی لە عیراق لە كۆتایی ئەمساڵدا دووپاتكردۆتەوە”.

بە وتەی سەیهود”مەترسی تیرۆر كۆتایی هات و هێزە عیراقییەكان و حەشدی شەعبی هەموو توانایەكیان هەیە، بۆیە بوونی هێزە چەكدارەكانی تر سودی نییە و دەبێت لە عیراقدا نەمێنن”.

ئەو سەركردەیەكی دەوڵەتی یاسا دەڵێت”دەبێت هێزەكانی ئەمریكا پابەندی بڕیارەكە ببن و لە كۆتایی ئەمساڵدا لە عیراق بچنە درەوە، چونكە هیچ بيانويەك نەماوە بۆ مانەوەیان  لە وڵاتدا”.
دوێنێ‌ سێ‌ شەممە، ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان جەختی لەسەر جێگیركردنی وادەی چوونەدەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا كرد لە عیراق كە لە كۆتایی كانوونی یەكەمی 2021، پێگە سەربازییەكانیان چۆڵ دەكەن و ڕادەستی هێزەكانی عیراقی دەكەن.