سەردێر

پاسپۆڕتی سلێمانی داوایەك لە هاووڵاتییان دەكات

سلێمانی ـ نزار جەزا
بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی داوا لەو هاوڵاتییانە دەكات، كە پاسپۆرتەكەیان تەواوبووە بچن پاسپۆرتەكەیان وەربگرنەوە.

سالار عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، نزیكی هەشت هەزار پاسپۆرتیان تەواوكردووە، كە لەساڵی 2017ەوە تاكو ئێستا كەس نەهاتووە بیانباتەوە.

ئاماژەی بەئەوەشدا، داواكارن لەو هاوڵاتییانەی لەساڵی2017ەوە تاكو سەرەتای ساڵی 2021 مامەڵەی دەرهێنان و نوێكردنەوەی پاسپۆرتیان كردووە، بچن پاسپۆرتەكانیان وەربگرنەوە.

باسی لەئەوەشكرد، ئەگەر كەس نەیەت بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پاسپۆرتانە، ئەوا خاوەن پاسپۆرتەكان خۆیان بەرپرسیارن، لەهەر شتێك كەبەسەر پاسپۆرتەكەیان بێت.

ئەوەشی خستەڕوو، لەكاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆ بۆ كاتژمێر حەوتی ئێوارە هاووڵاتییان دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتییان بكەن بۆ وەرگرتنەوەی پاسپۆرتەكانیان.

باسی لەئەوەشكرد، ئەو هاووڵاتییانە پێویستە پێناسێكییان پێبێت و خاوەنی پاسپۆرتەكە دەبێت ئامادەبێت، بەڵام ئەگەر كەسەكە تەمەنی لەخوار ١٨ ساڵەوە بێت، وەلیئەمرەكەی دەتوانێت بۆی وەربگرێتەوە.

ناوبراو زیاتر ڕوونیكردەوە، ئەو كەسانەشی كە تەمەنیان هەیە و كەسێكی نزیكی پەنجەمۆری بۆ كردووە، پێویستە هەمان كەس، كە پەنجەمۆرەكەی كردووە ئامادەبێت.

لەم لینكەی خوارەوە كە (pdf)ە، هاوڵاتییان دەتوانن ناوەكانیان بدۆزنەوە:

https://drive.google.com/file/d/1UDig93XFYfpRj4kiOrkepnkymCDuLn8A/view