سەردێر

خۆپیشاندان دەستیپێكردەوە

 

سلێمانی – نزار جەزا

بۆ چوارەم ڕۆژ ئەمڕۆ چوار شەممە خۆپیشاندانی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكانی سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین دەستیپێكرد.

هاوشێوەی سێ ڕۆژی ڕابردوو، ئەمڕۆش خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان گردبوونەوەیان دەستپێكرد و داوای سەرەكییان دەرماڵەیە.

ڕۆژی ڕابردوو خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكانی سلێمانی لەبەردەم بینای پارێزگای سلێمانی یەكیانگرتەوە و بەڕێپێوان ویستیان بەڕێبكەون بەرەو سەرای سلێمانی.

لەناوەندی شەقامی سالم ڕێگری لەخوێندكاران كرا، بەو هۆیەوە گرژی دروستبوو و بەهۆیەوە ژمارەیەك خوێندكار لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركران و ژمارەیەكی دیكەش باری تەندروستییان تێكچوو بەهۆی غازی فرمێسكڕێژەوە.

لەگەڵ بەردەوامی گرژییەكاندا، خوێندكارێك لەلایەن ژمارەیەك هێزی ئەمنییەوە بەبۆكس و شەق لێی درا، بەجۆرێك یەكێكیان شەق لەسەری خوێندكارەكە هەڵدەدات، ئەمەش كاردانەوەی زۆری بەدوایخۆیدا هێنا و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت بەڵێنی لێكۆڵینەوە و دەستگیركردنیدا.

هەر لەبەردەوامی گرژییەكاندا ژمارەیەك خوێندكار توندوتیژییان بەرامبەر پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكان بەكارهێنا.

داواكاری سەرەكی ئەو خوێندكارانە دەرماڵەیە، چونكە لەدوای دروستبوونی قەیرانی داراییەوە دەرماڵەی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان بڕدراوە.

ڕۆژی یەكەمی خۆپیشاندانەكان سەرجەم شەقامە سەرەكییەكان لەلایەن خوێندكارانی تەواوی زانكۆ و پەیمانگاكانەوە داخران و دواتر خۆڕسكانە شەقامەكانیان كردەوە و هیچ گرژییەك دروستنەبوو.

لەڕۆژی دووەمدا، بەهۆی دروستبوونی گرژییەوە دوو خوێندكار سەریان شكا و هاوكات ژمارەیەكی دیكە لەخوێندكاران بەهۆی گازی فرمێسكڕێژەوە باری تەندروستییان تێكچوو، لەلایەكی دیكەوە ژمارەیەك پۆلیس برینداربوون.

ئەمە لەكاتێكدایە دوێنێ لەشاری هەولێر و كۆیەش خۆپیشاندانی خوێندكاران ئەنجامدرا، بەڵام نزیكی 30 كەسیان لێ دەستگیركرا و درەنگانی شەو ئازادكران.