سەردێر

ئەمریكا و تالیبان كۆدەبنەوە

خەڵك-

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ڕایدەگەیەنێت، هەفتەی داهاتوو نوێنەری تایبەتی ئەمەریكا بۆ ئەفغانستان سەردانی دەوحەی پایتەختی قەتەر دەكات و بۆ ماوەی دوو هەفتە لەگەڵ ڕابەرانی تاڵیبان كۆدەبێتەوە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویكردەوە، نێد پڕایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ڕایگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا سەبارەت بە ئەفغانستان تاوتوێی بەرژەوەندییە گرنگەكانمان دەكەین، لەوانەش بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، لەنێو ئەوەشدا دابینكردنی ڕێڕەوێكی پارێزراو بۆ هاووڵاتیانی ئەمریكی و ئەفغانیەكان، ئەوانەی كە بەرپرسیارێتیەكی تایبەتیمان بەرامبەرییان هەیە.
وتیشی”لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی یارمەتییە مرۆییەكان و ڕەوشی ئابووری ئەفغانستان دەكرێت”.

كشانەوەی هێزە بیانیەكان و كۆنتڕۆڵكردنەوەی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە بووە هۆی نەهێشتنی زۆرینەی هاوكارییەكانی وڵاتانی دەرەوە بۆ ئەفغانستان، ئەوەش ئابووری وڵاتەكەی خستووەتە لێواری داڕمانەوە، كەمی پارە لە ئەفغانستان هەیە و ڕابەرانی تاڵیبانش لەژێر سزاكانی ڕۆژئاوادان.
ئەمەش لەكاتێكدایە ئەمریكا و تالیبان چەند جارێكە لە قەتەر كۆدەبنەوە، بەڵام تاكو ئێستا هیچ ڕێكەوتنێك سەبارەت بە چارەسەركردنی دۆخی ئابووری ئەفغانستان نەكراوە.