سەردێر

وەزیرێكی عێراقی لەسەر كۆچبەرانی بیلاڕوسیا هەڵوێستی ڕاگەیاند

خەڵك-
ئیڤان فایەق جابرو، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراق، داوا لە كۆمەڵی نێودەوڵەتی دەكات، مامەڵەیەكی مرۆڤانە لەگەڵ كۆچبەرانی عیراقیدا بكرێت لەسەر سنورەكانی بیلاڕوس و پۆڵەندا.

بەپێی بەیاننامەیەك كە ئەمڕۆ سێ‌ شەممە لەلایەن وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراقەوە بڵاوكرایەوە”لە پەراوێزی پێشوازی لە جۆن نیكوڵا بوز نوێنەری كۆمسیۆنی باڵای كاروباری پەنابەران لە عیراق، وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران داوای كرد، مامەڵەیەكی مرۆڤانە لەگەڵ عیراقییەكانی دەرەوەی وڵات بكرێت كە هاوتای پێوەرە نێودەوڵەتییەكان و پرەنسیپەكانی مافەكانی مرۆڤ بێت، لە هەمان كاتدا داوای لە ڕێكخراوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانیش كرد، پشتیوانی لە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق بكەن”.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا گفتووگۆیان لەسەر ڕەوشی عیراقییەكانی سەر سنورەكانی بیلاڕوس و پۆڵەندا كرد، داواكرا عیراقییەكان یارمەتی و هاوكاریی بكرێن و گیانیان بپارێزرێت و بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان لەلایەن ئەو وڵاتانەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت”.

تەنگژەی ئێستای كۆچبەران لە كۆتایی مانگی ئابەوە دەستیپێكرد، كاتێك ژمارەیەكی زیاتری كۆچبەران كە زۆربەی هەرەزۆرییان عیراقیین لەسەر سنورەكانی پۆڵەندا و لاتڤیا و لیتوانیا گردبوونەوە و دەوترێت بە هاندانی بیلاڕوسە، لەئێستاشدا نزیكەی 4 هەزار كۆچبەر یان زیاتر كە لە پیاوان و ژنان و منداڵان پێكهاتوون و بەدەست سەرماوسۆڵەوە دەناڵێنن لە سایەی نەبوونی جێ داڵدەیەكی گونجاو و دابین نەكردنی ئاو و خۆراك بۆیان، لەسەر سنورەكانی نێوان بیلاڕوس و پۆڵەندان.