سەردێر

پارتی هەڵوێستی لەسەر خۆپیشاندان و دەرماڵەی خوێندكاران ڕاگەیاند

خەڵك-
ماوەی 3 ڕۆژە خۆپیشاندانی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان بۆ پێدانی دەرماڵە دەستی پێكردووە و گرژی لێكەوتۆتەوە و پەڕلەمانتارێكی پارتی-ش لە پەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، “ھەمیشە پشتیوانتان بووین”.

عەبدولسەلام دۆڵەمەڕی، سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پشكی پارتی لە پەڕلەمانی كوردستان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك پەیامێكی ئاڕاستەی خوێندكاران كردووە و ڕایگەیاندووە، “قوتابیان و خوێندكارانی ئازیز، ھەمیشە پشتیوانتان بووین و بەردەوام دەبین تا دەگەن بە مافە ڕەواكانتان”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، كە ژمارەی یاسایی پەڕلەمانتاران یاداشتێكیان واژۆ كردووە و داوایان لە سەرۆكایەتی پەڕلەمان كردووە، كە كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە دەرماڵەی خوێندكاران ڕێكبخات بە ئامادەبوونی هەردوو وەزیری دارایی و خوێندنی باڵا.

وەك لە یاداشتەكادا هاتووە، بە ئامادەبوونی ئەو دوو وەزیرە كۆبوونەوەی پەڕلەمان بكرێت بۆ دڵنیابوونەوە لە هۆكاری ڕاگرتن و دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەكی گونجاو بۆ گێڕانەوەی ئەو مافە سەرەتاییە بۆ خوێندكاران.

No photo description available.