سەردێر

وەزارەتی كارەبای هەرێم پلانی خۆی بۆ وەرزی زستان ڕادەگەیەنێت

خەڵك-
وەزارەتی كارەبای هەرێم ڕایدەگەیەنێت، تەواویی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی كارەبا و وێستگەكانی بەرهەمهێنان پابەندی بڕیارەكانی كۆنترۆڵی ناوەند دەبن، ئاماژە بە بەردەوامبوونی هەڵمەتی نەهێشتنی سەرپێچییەكانیش دەكات.

بەپێی ڕاگەیەیندراوێك كە ئەمرۆ دووشەممە لەلایەن وەزارەتی كارەبای هەرێمەوە بڵاوكرایەوە “تەواویی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی كارەبا و وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا پابەندی بڕیارەكانی كۆنترۆڵی ناوەندی وەزارەت دەبن، ئامادەكارییەكانیش بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی دابەشكردنی كارەبا بۆ وەرزی زستان لە مانگەكانی (2,1,12) دەكرێت و ڕاپۆرتی (داهاتی كارەبای شارەكان و سەرپێچییەكان) ئامادە دەكرێت”.

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە”هەڵمەتی نەهێشتنی سەرپێچی بەردەوام دەبێت و ڕێكاریی یاسایی بەرانبەر سەرپێچیكاران دەگیرێتەبەر، بە كەمكردنەوەی رۆتین و دابینكردنی پێداویستییەكانیش، پڕۆژەی پێوەری زیرەك خێراتر دەكرێت و ژمارەیەكی زیاتر دەبەسترێت”.

پێشتر ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێم ڕایگەیاندبوو، بەگوێرەی رێنماییەكانی وەزارەت پێویستە هاوبەشانی كارەبا پابەندبن بە قەرزی پارەی كارەبا، دەشڵێت، “بەپێی یاسا هەر كەسێك پابەند نەبێت بە پێدانی پارەی كارەبا، كارەباكەی دەبڕین”.