سەردێر

“ئەگەر حكومەتی عێراق پێكنەهێنرێت، هاووڵاتیان دەست بۆ توندوتیژی دەبەنەوە”

خەڵك-

پەڕلەمانتارێكی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی ئەو تانانەی هەبوو لەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردنەكان، جیاكردنەوەی دەستی بۆ هەندێك وێستگەو سندوقی دەنگدان كرا، كۆمسیۆنیش ناو بەناو لێدوان و ڕوونكردنەوە دەدات كە هەندێك گۆڕانكاری بووە بەتایبەت لە هەندێك لەو شارانەی پەنجەمۆری دووبارە هەیە.
بریارە ئەمڕۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان ئەنجامەكان ڕابگەیەنێت، ئەمەش لەكاتێكدایە، بەشێك لە هێزە شیعییەكان ناڕازین لە ئەنجامەكان و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانیش بەردەوامن.
دارا سێكانیانی پەڕلەمانتاری دەرچووی عێراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بڕیارە لەم دوو ڕۆژەدا كۆمسیۆن ئەنجامێك ڕابگەیەنێت، ئەمەش گەرەنتییەكی تەواو نییە، چونكە دۆخی عێراق تاڕادەیەك ئاڵۆزە.
وتیشی”ئەنجامەكان بەشێوەیەك بوون لە ڕابردوو هەندێك لەو هێزانەی لەدەسەڵات بوون شكستی گەورەیان هێناوە، ئەوانیش ویستیان شەقام بجوڵێنن و داوایان كرد ئەنجامەكان هەڵبوەشێنرێتەوە و دۆخەكەیان پێقبوڵ ناكرێت”.
ڕوونیشیكردەوە، دۆخی عێراق ئاڵۆزە، بەڵام لە هەموو حاڵەتەكان دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگیرێت ئەگەر حكومەت پێكنەهێنرێت، لەوانەی خەڵك بۆ دۆخی توندوتیژی بەرێت و ئەو تۆزە حكومەتەش هەیە بكەوێتە مەترسییەوە.
سەبارەت بە هۆشدارییەكەی سەدر، ناوبراو ڕایگەیاند، سەدر باس لە حكومەتی زۆرینە دەكات كە تائێستا ئەو حكومەتە نەبووە لە عێراق، بەڵام پێموایە لە داهاتوودا دەگەنە ئەنجام، چونكە عێراق هەمیشە وابووە وڵاتانی زلهێز و هەرێمی دەستیان هەبووە لە دانووستانی نێوان لایەنەكان.

ئاشكراشیكرد، گرفتی عێراق لەوەوە سەرچاوەی گرتووە هەموو ئەوانەی دەڵین لەگەڵ دیموكراسی و سندوقەكانی دەنگداین، بەڵام كە دێتەسەر دونیای پراكتیكی بەداخەوە هێزەكانی عێراق و كوردستانیش ئامادەی قبوڵكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكانیان نییە كە گرفتێكی گەورەیە و كێشەی سەرەكی دروست كردووە‌و ڕاستگۆ نەبوون لەگەڵ دروشمەكانیان و ئەمەش قەیرانی بۆ عێراق دروست كردووە.