سەردێر

بەلاغی كۆتایی یەكەمین كۆنگرەی یەكێتی نووسەرانی جینۆسایدی كوردستان

خەڵك-
كۆنگرەی یەكێتی نووسەرانی جینۆسایدی كوردستان كۆتایی هات و لە بەلاغێكدا ڕایگەیاندووە، دەبنە یەكێتی ھەموو قەڵەمێكی بەپەرۆشی بواری ئەنفال و كیمیاباران و راگواستن و كۆمەڵكوژیە.

كۆنگرەی یەكێتی نووسەرانی جینۆسایدی كوردستان لە بەلاغێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، هەوڵ دەدەن بۆ ھاندانی ناوەندەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا بەبایەخدان بەم كەیسە نیشتمانی و چارەنووسسازەی گەلی كوردستان بەھاندان بۆ توێژینەوە و جێكردنەوەی لە پرۆگرامەكانی خوێندن و فێركردن.

دەقی بەلاغەكە:

هاونیشتمانیانی بەڕێز
نوسەران و شارەزایان
ئەندامانی كۆنگرەی دامەزراندن

سڵاوێكی گەرم
رۆژی 18ی نۆڤەمبەری 2021 لە شاری كەركوك كۆنگرەی دامەزراندنی یەكێتی نوسەرانی جینۆسایدی كوردستان بەئامادەبوونی چەندین نوسەرو شارەزایی بواری جینۆساید و تاوانەكانی دژ بەمرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ بەسترا. ھەمان رۆژ كۆنگرە بەسەركەوتویی كۆتایی بەكارەكانی خۆی ھێنا.
بەپێویستی دەزانین روونی بكەینەوە، كە بیرۆكەی ئەم پرۆژە نیشتمانیە‌ دەگەڕێتەوە بۆ چەند ساڵێك لەمەوبەر، بەڵام دواجار یەكەمین كۆبونەوەی بەكرداریكردنی لە 13 حوزەیرانی 2021 لە كەركوك بەڕێوەچوو و دواتر ھەردوو كۆبونەوەی ئەمساڵی ٢٠٢١ لە مۆنۆمێنتی ئەنفال لەچەمچەماڵ و مۆنۆمێنتی هەڵەبجە لە پارێزگای هەڵەبجەی شەهید، زەمینەی سازدانی یەكەمین كۆنگرەی دامەزراندن بوو لە كەركوك.
كۆنگرەی دامەزراندن، بە ئامادەبوون و بەشداری 63 ئەندام، گۆڕینی ناوی یەكێتێەكەی لە (یەكێتی نوسەرانی جینۆساید و ئەنفال) بۆ (یەكێتی نوسەرانی جینۆسایدی كوردستان)، و هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبردن و سپاردنی پرۆژەی پەیڕەو و بەرنامەی كار بە لیژنەی شارەزایان بۆ پیداچونەوە و دواتر پەسەندكردنی لەلایەن دەستەی بەڕێوەبردن و لیژنەی پیداچونەوەوە، كارەكانی كۆنگرەی بەسەركەوتویی كۆتایی پێ ھێنا.
مەبەست لە سازدانی كۆنگرەكە لە كەركوك بۆ بایەخدان بوو بەو شارەی كە چەندین جار تووشی پەلاماری كۆمەڵكوژی و كاولكردن و تاوانی دژ بەمرۆڤایەتی مەترسیدار بۆتەوە.. بەتایبەت كە لە ئێستادا ماوەی چوار ساڵە، رووبەرووی سیاسەتێكی نوێی بە عەرەبكردن و راگواستنی گوندە كوردییەكان بۆتەوە..ئەگینا ھەموو كوردستان و دۆسیەكانی جینۆساید جێی بایەخی كاری یەكێتیەكە دەبێت.
لەو چوارچێوەیەدا، كۆنگرە چەند راسپاردەیەكی گرنگی بە دەستەی بەڕێوبردن سپارد بەشێكی لەوانە:
یەكەم: یەكێتی نوسەرانی جینۆساید، یەكێتی ھەموو قەڵەمێكی بەپەرۆشی بواری ئەنفال و كیمیاباران و راگواستن و كۆمەڵكوژیە. كار بۆ كۆكردنەوەی ھەموو تواناكانی ئەو بوارە دەكات و وەك چەترێكی گشتگیر بۆ پرۆژەی نوێ و كاری بەكۆمەڵ و تاك پاڵپشت و ھاوكار دەبێت.
دووەم: سازدانی كۆڕو كۆنگرە لە ناوەوەو دەرەوەی كوردستان بەبەشداری پێكردنی شارەزایانی بیانی و ناوخۆیی و بەستنی كۆنگرەی نێودەوڵەتی ساڵانە تایبەت بەناساندنی جینۆسایدی كوردستان.
سێیەم: دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ رێكخراوە پەیوەندیدارەكانی بواری جینۆساید و ناوەندە ئەكادیمیەكان و دەزگاكانی پشتیوانی مافی مرۆڤ.
چوارەم: ھاندانی ناوەندەكانی پەروەردەو خوێندنی باڵا بەبایەخدان بەم كەیسە نیشتمانی و چارەنوسسازەی گەلی كوردستان بەھاندان بۆ توێژینەوەو جێكردنەوەی لە پرۆگرامەكانی خوێندن و فێركردن.
پێنجەم: كۆكردنەوەی بەڵگەو بەدیكۆمێنت كردنی ھەموو سەرچاوەیەك پەیوەست بێ بەجینۆسایدی كوردەوەو پاراستنیان لەناوچوون و بەكارھێنانیان بۆ چالاكی و ناساندن و مانەوە.
شەشەم : ھاوكاریكردنی ھەردوو پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە پابەندكردنی حكومەت بە رێكاری یاسایی بۆ زیندوو راگرتنی دۆسیەی جینۆسایدی گەلی كوردستان و گەلانی عێراق.
حەوتەم : دەركردنی بڵاوكراوەو وەرگێڕانی نوسین دۆكیۆمێنتی تایبەت بەجینۆساید بۆ سەر زمانە بیانیەكان.
ھەشتەم :ھاندانی ھەردوو حكومەتی عیراق و ھەرێمی كوردستان بۆ فەرامۆش نەكردنی دۆسیەی جینۆسایدی گەلی كوردستان و گەلانی عیراق.. ساڵانە بوجە تەرخان بكرێ بۆ مۆنیۆمێنت و گۆڕە بەكۆمەڵەكان و مەزاری قوربانیان و ژیانی كەسوكاری قوربانیان.
یەكێتی نوسەرانی جینۆسایدی كوردستان بە ھیواوە دەڕوانێتە بەدەنگەوە ھاتنی ھەموو نوسەرانی بواری جینۆساید بۆ كاری پێكەوەیی و داوای بەدەنگەوە ھاتنی راستەوخۆی دامەزراوەكانی حكومی و ناحكومی دەكەین بۆ ھەماھەنگی و كاری ھاوبەش و قەرەبوكردنەوەی ئەو ساڵانەی بەكەمتەرخەمی تێپەڕین و دەست لەناو دەست بۆ راپەڕاندنی ئەو ئەركانەی كە كۆنگرە بە دەستەی بەڕێوەبردن و ئەندامانی كۆنگرەی سپارد.

دەستەی بەڕێوەبردنی
یەكێتی نوسەرانی جینۆسایدی كوردستان
٢٠٢١/١١/٢١





هەلبژاردە

گرنگترینەکان