سەردێر

واتفۆرد مان یوناتدی گۆڵباران كرد

خەڵك

یانەی مانچستەر یونایتد هاوشێوەی زۆربەی یارییەكانی ئەم وەرزە لە گێمی یەكەم تووشی زەحمەتی بوو.

دوای تێپەڕببونی 11 خولەك بەسەر ماوەی یارییەكەدا ناوبژیوان لێدانێكی سزای بۆ واتفۆرد هەژمار كرد، بەڵام ئیسماعیل سار لێدانەكەی بەسەركەوتوویی جێبەجێ نەكرد و دیخیا مانچستەری رزگار كرد، بەڵام ئەو هەوڵەی دیخیا نەبووە هاندەر بۆ ئەوەی یاریزانانی مان یونایتد گۆڵەكەیان بپارێزن.

گێمی یەكەم بەتەواویی واتفۆرد باڵادەستی بەسەر كەشی یارییەكەدا نیشاندابوو، ئەوەبوو لە خولەكی 28 لیدلی كینگ گۆڵی پێشكەوتنی بۆ واتفۆرد تۆمار كرد، هەر بەوە ڕازی نەبوون و زیاتر برینەكەی مانچستەریان قوڵكردەوە، كاتێك ئیسماعیل سار لە خولەكی 44 گۆڵی دووەمی بۆ خاوەن یاریگە تۆمار كرد.

گێمی یەكەم بە دوو گۆڵی بێ وەڵام لەبەرژەوەندی واتفۆرد كۆتاییهات.

لە گێمی دووەم مانچستەر دەستی بەسەر یارییەكەدا گرت، ئەوەبوو تەنیا پێنج خولەك بەسەر گێمی دووەمدا تێپەڕی بە ئاسیستێكی ڕۆناڵدۆ، دۆنی ڤاندیبیك گۆڵی یەكەمی بۆ مانچستەر تۆمار كرد، یونایتد بەردەوام بوو لەسەر دروستكردنی پەستانی هێرشبردن بۆ یەكسانكردنەوەی ئەنجامەكە، بەڵام هاری ماگوایەر لە خولەكی 69 بەكارتی سوور لە یاریگا دەركرا، ئەمەش ڕێگەی بۆ واتفۆرد خۆشكرد، بە ئاسانی مامەڵە لەگەڵ كەشی یارییەكەدا بكات.

لە خولەكی 92 جواو پیدرۆ گۆڵی سێیەمی خاوەن یاریگەی تۆمار كرد، هەر بەمەشەوە نەوەستان و ئیمانیۆل دینیس لە خولەكی 96 گۆڵی چوارەم و كۆتایی یارییەكەی كرد و بە ئەنجامی چوار بە یەك مانچستەر یونایتدیان تووشی شكستێكی قورس كرد.