سەردێر

كێشە بۆ شەقامی 100 مەتری سلێمانی دروست دەبێت

“هیچ هێزێك نەیتوانیوە زیادەڕۆییەكانی بەردەم شەقامی ١٠٠ مەتری لابەرێت”

سلێمانی – نزار جەزا
سێ كێشە لەبەردەم شەقامی ١٠٠ مەتری لەشاری سلێمانی دروستبوون، كە وادەكات وادەی تەواوبوونی پڕۆژەكە دوابكەوێت و بەوتەی سەرۆكی لیژنەی پلان و پڕۆژەكان لەئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، “تاكو ئێستا هیچ هێزێك نەیتوانیوە زیادەڕۆییەكانی بەردەم پڕۆژەكە بەتایبەت لەناوچەی تانجەرۆ لابەرێت”.

ڕەمەزان نامیق، سەرۆكی لیژنەی پلان و پڕۆژەكان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، شەقامی ١٠٠ مەتری لەپارێزگای سلێمانی سێ كێشەی لەبەردەمدا دروستبووە، كە وادەكات پڕۆژەكە لەكاتی خۆیدا تەواونەكرێت، ئەمەش تەنها قسەی خۆی نییە، بەڵكو سەرپەرشتیارانی نێو پڕۆژەكە و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانیش هەمان قسەیان هەیە.

لەبارەی كێشەكانەوە ناوبراو سێ خاڵی خستەڕوو، كە بریتین لە:

یەكەم: حكومەتی هەرێم وەك پێویست و لەكاتی خۆیدا بودجەیان بۆ خەرجناكات.

دووەم: كێشەی زیادەڕۆیی زۆر هەیە بەتایبەت لەناوچەی تانجەرۆ، كە بەدرێژیی یەك كیلۆمەتر كارگە و بەنزینخانە و دەواجن و پاڵاوتگە و خانووی نیشتەجێبوونی تێدایە، كە تاكو ئێستا هیچ هێزێك نەیتوانیوە ئەم زیادەڕۆییانە لابەرێت، بەتایبەت لەناوچەی تانجەرۆ.

سێهەم: تاكو ئێستا ئەو كەسانەی زەوییان بەر شەقامەكە كەوتووە قەرەبوونەكراونەتەوە، ئەمەش لەنێوان كشتوكاڵی سلێمانی و شارەوانی سلێمانی ماوەتەوە و هەریەكەیان قسەیەكیان هەیە.

لەبارەی كێشەی یەكەمەوە ناوبراو ڕوونیكردەوە، پێشتر بەجۆرێك ڕێككەوتن كراوە، كە ئەگەر بەڕێژەیەك پڕۆژەكە تەواوكرا بەسولفەیەك بڕێك پارە بۆ پڕۆژەكە خەرج بكرێت، بەڵام ماوەیەكە ئەو پارەیە خەرج نەكراوە، چونكە پارەی نەقدی لەبانكەكان نییە، ئەگەرنا فەرمانی خەرجكردنی پارەكە دراوە. لەلایەكی دیكەوە نرخی هەموو كەرەسەتەكانی بیناسازی و ئەندازیاری بەرزبوونەتەوە لەكاتێكدا پێشتر كۆمپانیای جێبەجێكار بەنرخێكی كەمتر تەندەری لێداوە.

ئەو سەرۆك لیژنەیەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەبارەی كێشەی دووەمەوە ئاماژەی بەئەوەدا، تاكو ئێستا لەسەدا ٥٠ی پڕۆژەكە تەواوبووە، بەڵام لەدوای ئەم قۆناغەوە قۆناغە قورسەكە دەستپێدەكات، چونكە پێشتر كار لەوشوێنانە كراوە، كە زیادەڕۆیی لەسەر نەبووە، بەڵام ئێستا بەناچاری دەبێت بچنە ئەو شوێنانە كاربكەن، كە زیادەڕۆیی لەسەرە، ئەمەش قۆناغێكی قورسە و تاكوئێستا نەتوانراوە ئەو زیادەڕییانە لاببرێن.

ناوبراو لەبارەی كێشەی سێیەم و قەرەبووكردنەوەی ئەو زەوییانەی بەر پڕۆژەكە كەوتوون زیاتر ڕوونیكردەوە: خەریكە ئەم بابەتە دیزەبەدەرخۆنە دەكرێت لەنێوان بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی سلێمانی و سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی، بەبیانووی ئەوەی كارمەندیان لەبەردەستنییە، ڤایرۆسی كۆرۆنا هەیە، كەرەستە و پێویستییان بۆ پشكنینی و خەمڵاندنی زەوییەكان نییە و ناتوانن سەردانی شوێنەكە بكەن، ئەمانەش هۆكاری لاوازن.

زیاتر ڕوونیكردەوە، سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی دەڵێت: هەموو زانیارییەكمان بۆ بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی سلێمانی ناردووە و چاوەڕێی ئەوان دەكەین. لەبەرامبەردا بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی سلێمانی دەڵێت: بەبەڵگە لامانە چاوەڕێی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی دەكەین، بۆئەوەی زانیاریمان بۆ بنێرن. بۆیە لەهەوڵدان كۆبوونەوەیەك بەئامادەبوونی هەموو لایەنە بەرپرسەكان ڕێكبخەن.

ناوبراو ئەوەشی باسكرد، بەشێوەیەكی گشتی كۆبوونەوەیەك ڕێكدەخەن بۆ باسكردن لەهەر سێ كێشەكە و لایەنی بەرپرسی بۆ بانگێشت دەكەن، بۆئەوەی چارەسەرێكی گونجاوی بۆ بكەن.

پڕۆژەی ئۆتۆبانی بابان (شەقامی ١٠٠ مەتری) بەگوژمەی ٤٠٠ ملیار دینار لەشاری سلێمانی جێبەجێدەكرێت و بڕیاربوو لەمانگی ئابی ساڵی ٢٠٢٣ قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكە تەواوببێت، كە بەوتەی سەرپەرشتیارانی پڕۆژەكە، كۆمەڵێك پێداویستی كوالێتی بەرز بەكاردێنن، كە تا ٢٥ ساڵی دیكە پێویستییان بە نۆژەنكردنەوە نابێت.

ئەم پڕۆژەیە لەبەرواری ١١/٧/٢٠٢٠ بەردی بناغەی لە شارۆچكەی تاسڵوجە دانرا، ماوەی تەواوبوونیشی هەزار و ١٠٠ ڕۆژە.

قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكە لەشارۆچكەی تاسڵوجەوە بۆ گوندی دەمركانی سنوری ناحیەی عەربەتە، كە لە ٣٢ كیلۆمەتر پێكدێت.

لە قۆناغی یەكەمدا، چوار سایدی هاتن و چوون دروست دەكرێن، بەشێوەیەك دووی سەرەكی بە پانی 21 مەتر و دووی خزمەتگوزاری بەپانی 9 مەترن، هەر لەم قۆناغەدا 7 یەكتربڕ و 5 ئەندەرپاس و ٦٨ ئاوبارە دروست دەكرێن.

خێرایی ڕۆشتنی ئۆتۆمبێل ١٢٠ كیلۆمەترە لەكاتژمێرێكدا، بۆیە لەهەردوو لای شەقامەكەوە بەدووری ١٠٠ مەتر لەناوەڕاستی شەقامەكەوە سیاجێك دروست دەكرێت، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان و گیانلەبەران نەتوانن بچنە ناو شەقامەكەوە.

پردێكی گەورە بەدرێژی ٤٩٥ مەتر لەسەرچەمی تانجەرۆ دروستدەكرێت بە پانیی ١٠٠ مەتر بە دوو ئاڕاستەی چەپ ‌و ڕاست، بەهەردووكیان ١٨ ئۆتۆمبێل دەگرێت.

پڕۆژەی ئۆتۆبانی بابان یەكێكە لەپڕۆژە ستراتیژییەكانی سلێمانی، كە لەئێستادا سێ كێشەی هاتووەتەبەردەم و و بەوتەی بەرپرسانی نێو پڕۆژەكە، ئەگەر ئەم كێشانە بەخێرایی چارەسەرنەكرێن، لەوادەی خۆیدا پڕۆژەكە تەواونابێت.