سەردێر

جارێكی دیكە لە هەولێر بووە شەڕ و كوژراو هەیە

خەڵك-
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ئاشكرای دەكات، كە لە گەڕەكی سێتاقان دوو هاوڕێ بۆتە شەڕیان و بەهۆی لێدانی چەقۆوە كەسێكیان كوژراوە.

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا دوو شەڕی دیكە لە هەولێر لەناو بازاڕی نیشتمان و لەسەر شەقامی 100 مەتری لەسەر “پارك كردنی ئۆتۆمبێل” ڕوویاندا و بەهۆیەوە 2 كەس كوژران و دووانی دیكەش بریندار بوون.

مقەدەم هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر بۆ (خەڵك) ئاشكرای كرد، دوای ئەوەی هێزەكانی پۆلیسی هەولێر لە حاڵەتێكی شەڕكردن لە گەڕەكی سێتاقان ئاگادار كرانەوە، دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكە.

ڕاشیگەیاند، دەركەوت دوو هاوڕێ بۆتە شەڕیان و لە ئەنجامدا یەكێكیان بە ناوی (ش. ج. ص) چەقۆی بەركەوتووە و گیانی لەدەست داوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، هێزەكانمان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ئێستادا لە حاڵەتی لێكۆڵینەوەدان بۆ ئەوەی بكەری سەرەكی تاوانەكە دەستگیر بكرێت و بدرێتە دادگا.

بەپێی زانیارییەكان، ئەو دوو كەسەی بەشەڕهاتوون كاریان فرۆشتنی سەوزە و میوە بووە و عەربانەیان پێبووە.