سەردێر

ئومێد خۆشناو: ناكرێت لەسەر بابەتی زۆر سادە و بچووك گیانی هاووڵاتی ببێتە قوربانی

خەڵك-ئارام سەردار
پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت، بەداخەوا لەهەموو كۆمەڵگایەك ڕووداوی لەم شێوەیەی كوشتن ڕوودەدات و دەشڵێت: “سەڕەڕای دەست بەسەرداگرتنی چەك، بەڵام واقعی وڵاتی ئێمە لەناوچەیەكە، كەبەردەوام شەڕی تێدا هەبووە و ئەمەش كاریگەری لەسەر ئاسان بەدەستكەوتنی چەك هەبووە لای هاووڵاتی”.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەبارەی حاڵەتەكانی كوشتن و خۆكوشتن ڕایگەیاند، لەهەموو كۆمەڵگایەك ڕووداوی لەم شێوەیە دەبێت بەداخەوە، بەڵام لەماوەی ڕابردوو هەڵمەتێكی دەست بەسەرداگرتنی چەكی بێ مۆڵەتمان ڕاگەیاند و چەند ڕۆژێك بەردەوام بوو و ژمارەیەك چەك دەستی بەسەردا گیرا.

دەشڵێت: “واقعی وڵاتی ئێمە لەناوچەیەكە، كەبەردەوام شەڕی تێدا هەبووە و ئەمەش كاریگەری لەسەر ئاسان بەدەستكەوتنی چەك هەبووە لای هاووڵاتی، ئێستاش یاسای هەڵگرتن و مۆڵەتی چەك هەموار دەكرێتەوە و ڕێوشوێنەكان توندتر دەكرێن”.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەم ڕووداوانە ئێمەی نیگەران كردوە، بەدڵنیایی ڕێكاری یاسایی و پێویست دەگرینەبەر، لێپێچینەوەی تووند لەگەڵ كەسی تاوانبار دەكرێت، ئومێدیش دەكەین هاووڵاتیان هۆشیارانەتر مامەڵە بكەن و ناكرێت لەسەر بابەتی زۆر سادە و بچووك گیانی هاووڵاتی ببێتە قوربانی.

سەبارەت بەقەربووی ڕووداوی لافاوەكەی ڕابردوو وتی، “پڕۆسەی قەرەبووكردنەوەی ماڵەكان بەردەوام، شوێنەكانی تێكچووبون چاككراونەتەوە، ئەوەی ماوە ئەو كەسانەی ئۆتۆمبێلەكانیان زیانیان پێ گەیشتبوو، ئەوانیش دابەشی سێ گروپ كراون، دوای قەرەبووی ناوماڵی خەڵك دەكرێتەوە ئەوانەی ئۆتۆمبێلیش دەست پێ دەكەین”.