سەردێر

بەشەخۆراكی 10 توێژی جیاوازی هاووڵاتیان دەبڕدرێت

خەڵك-

وەزارەتی بازرگانی عێراق بڕیارێكی ئەنجوومەنی وەزیران دەخاتە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە و بەشەخۆراكی 10 توێژی جیاوازی هاووڵاتیان دەبڕێت.

وەزارەتی بازرگانی عێراق لە ڕاگەیەنراێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بڕیاری ژمارە 16987ی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، كە لە 5-10-2021 دەرچوووە دەخرێتە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە، كە تایبەتە بە بڕینی بەشە خۆراكی مانگانەی بەشێكی چین و توێژەكانی كۆمەڵگە و لە بەشەخۆراكی 1-6-2021ەوە كاری پێدەكرێت.

بەپێی بڕیارەكەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق 10 توێژی جیاواز بەشەخۆراكی مانگانەیان دەبڕدرێت، كە بریتین لە:
1- کەسانەی ھێشتا ھاوسەرگیریان نەکردووە و مووچەی مانگانەیان ملیۆنێک و ٥٠٠ ھەزار دینارە.
2- ئەو بەڵێندەرانەی تاوەكو پلە 6 تۆمار كراون.
3- خاوەنی كۆمپانیاكان، كە لە بەڕێوەبەرایەتی تۆماری كۆمپانیاكان تۆماركراون (بەڕێوەبەرەكان یان خاوەن پشكەكان).
4- ئەوانەی لە ژوورەكانی بازرگانی تۆماركراون تاوەكو پلەی 2، ئەوانەی لە ژوورەكانی پیشەسازی تۆماركراون تاوەكو پلەی 3 و یەكێتی خاوەن كارەكان، هەروەها ئەوانەی لە سەندیكاكانی پزیشكان و پزیشكانی ددان و دەرمانسازی تۆماركراون.
5- ئەو كەسانەی هەژماری باجی ساڵاانەیان زیاترە لە 18 ملیۆن دینار.
6- ئەوانەی گەشتی دەرەوەی وڵات دەكەن بۆ 3 مانگ زیاتر (بەشێوەی كاتی بەشەخۆراكیان دەبڕدرێت).
7- ئەوانەی لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێ بوون.
8- ئەو عێراقیانەی هەڵگری ڕەگەزنامەیەكی دیكەن.
9- زیندانی كراوان و ڕاگیراوان لە زیندانەكان (تاوەكو ئازاد دەكرێن) ئەوانەی سەر بە گرووپە تیرۆرستیەكانن و ئەوانەش لەدەست دادگا هەڵاتوون.
10- هاووڵاتیانی عەرەب و بیانی و كۆچبەران، جگە لە خێزانە فەلەستینییەكان.

لای خۆشیەوە، وەزارەتی تەندروستی عێراق لە گشتاندنێكدا بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكانی تەندرستی، جەختی لە جێبەجێ‌ كردنی ئەو بڕیارە كردۆتەوە بەسەر فەرمانبەران و پزیشكاندا و ڕاشیگەیاندووە، كە لە بەشەخۆراكی مانگی (6)ەوە كاری پێ‌ دەكرێت.