سەردێر

ئەمڕۆ بەفر و باران ئەم ناوچانەی هەرێم دەگرێتەوە

خەڵك-
بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، لەمڕۆوە كاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست باران بارین بەشێكی زۆری ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە و بەفر لە ناوچە شاخاوییەكانی هەولێر و دهۆك دەبارێت.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، ئاسمان و كەشی ئێستای ھەرێمی كوردستان و ناوچەكە لە ناوچەكانی ڕۆژئاوای ھەرێم كاریگەری ئەو شەپۆلە باران بارینە بەشێوەی بارانی مامناوەند و پچڕ پچڕ دەستی پێكردووە.

ڕاشیگەیاند، ئەو باران بارینە لە چەند كاتژمێری ئایندەدا كاریگەرییەكانی درێژ دەبێتەوە بۆ سنووری پارێزگای دھۆك و موسڵ و لەكاتەكانی ئێوارە و شەودا كاریگەری ئەبێت لەسەر سنوری پارێزگای ھەولێر و ئیدارەی ڕاپەرین بەتایبەت ناوچە شاخاوییەكانی ناوچەكە.

ئاماژەی بەوەشكرد، باران بارینەكە لەشێوەی پچڕ پچڕ و كەم بۆ مامناوەند دەبێت و بەفرێكی كەم لەناوچە شاخاوییە بەرزەكاندا دەبارێت.

بەپێی پێشبینی ئەو شارەزایەی كەشناسی، “كاریگەری ئەم شەپۆلە لەسەر پارێزگا و ناوچەكانی دیكەی ھەرێم بەگشتی لاواز ئەبێت و لەكاتەكانی شەو درەنگ ئەم قۆناغە كۆتایی پێدێت”.