سەردێر

پەرلەمانتارێك: نرخی دەرمان بەرزدەبێتەوە

خەڵك

كاروان گەزنەیی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فڕاكسیۆنی یەكێتی لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردووەتەوە” هۆشدارییەك بۆ ڕای گشتی، نرخی دەرمان بەرز دەبێتەوە”.


كاروان گەزنەیی ئەوەش دەخاتەڕوو:” ئەگەر ئەم تەندەری ستیكەرەی ئێستای وەزارەتی ڕانەگیرێت، نرخی دەرمان بەرز دەبێتەوە، و بەرپرسی یەكەمیش لەم بابەتە حكومەتی هەرێم و وەزارەتی تەندروستین”.

 

دەقی نووسینەكە:

 

هۆشدارییەك بۆ ڕای گشتی

نرخی دەرمان بەرز دەبێتەوە…

دوای ئەوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو بەگرتنە بەری ڕێكاری پەرلەمانی و سوود وەرگرتن لە ماددەی (٥٦) لە یاسای ژمارە (١)ی ساڵی (٢٠٢١) و ماددەی (٥٦) لە پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكایەتی پەرلەمان، لیژنەی تەندروستی و وەزارەتی تەندروستیمان ئاگادار كردنەوە كە بەهۆی تەندەرێكی نوێ بۆ ستیكەری دەرمان، نرخی دەرمان بەرز دەبێتەوە، بەڵام بەداخەوە هیچ هەنگاوێك بۆ چارەسەری ئەم بابەتە نەندراوە.

بێ شك لێرەوە ڕای دەگەیێنم، ئەگەر ئەم تەندەری ستیكەرەی ئێستای وەزارەتی ڕانەگیرێت، نرخی دەرمان بەرز دەبێتەوە، و بەرپرسی یەكەمیش لەم بابەتە حكومەتی هەرێم و وەزارەتی تەندروستین.

لە ئێستادا مانگانە نزیكەی (٤٠) ملیۆن ستیكەر دروست دەكرێت، و پێشتر بۆ (٣) سێ ستیكەر تەنها (١) یەك سەنت وەرگیراوە، بەڵام ئێستا دروستكردنی ستیكەر دراوە بە كۆمپانیایەك، كە بۆ هەر ستیكەرێك (٥) پێنج سەنت وەردەگرێت.

واتا بەم شێوەیە پێشتر یەك ملیۆن ستیكەر بە (١٥٦) سەد پەنجا و شەش دۆلار دروستكراوە، و ئێستا هەمان بڕ بە (٢٩٥٠٠) بیست و نۆ هەزار پێنج سەد دۆلار دروست دەكرێت؛ واتا، (٤٠) چل ملیۆن ستیكەر تێچووەكەی دەكاتە (١،٦٠٠،٠٠٠) یەك ملیۆن و شەش سەد هەزار دۆلار!

لە بەرامبەردا، نرخی دەرمان لەسەر دەرمانەكان لابردراوە، و كۆمپانیاكانیش ئازادانە دەیفرۆشن و دەتوانن بە هەر شێوەیەك بێت نرخ لەسەر هاووڵاتییان زیاد بكەن. بەم شێوەیە هاووڵاتییان باجی ئەم كارە هەڵانەی وەزارەتی تەندروستی دەدەن، كە بە دڵنیاییەوە لە بەرژەوەندی چەند كەس و گروپێكدا دەكرێت.

تێبینی: بە دلنیاییەوە ئێمە سكاڵای یاسای تۆمار دەكەین لەسەر وەزارەت، و هەر كۆمپانیایەكیش بیەوێت نرخ لەسەر هاووڵاتییان بەرز بكاتەوە، و ناو و ڕەچەتە و تەندەر و هەموو دۆكیمێنتەكانیش لامان پارێزراون و ڕادەستی داواكاری گشتی دەكەین بە زوويی.

كاروان گەزنەیی
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان