سەردێر

كۆچبەرێك بە قاچێكەوە 4جار سنووری پۆڵەندا دەبەزێنێت

خەڵك-

دارستانەكانی بیلاڕووس لەسەر سنووری پۆڵەندا، بۆ كۆچبەرانی هەرێم بووەتە دوایین وێستگە، لەنێوان نائومێدی و هەڵاتن بەرەو ئومێد.

چیرۆكی مستەفای ٥٠ ساڵ كە سێ منداڵەكەی لە چەمچەماڵ بەجێهێشتوون و ئێستا بە یەك قاچەوە چوار جار هەوڵی پەڕینەوەی داوە، بە دەموچاوێكی پر تراژیدیاوە بەخۆی و دارشەقەكانییەوە ڕێی دەكرد و لە كاتی گەڕانەوەی دابوو لە سەرەی وەرگرتنی ژەمەخۆراكێك كە پۆلیسەكانی بیلاڕووس بۆ كۆچبەرانی تەرخان دەكەن.

ئەو لە چاوەكانیدا خەم و ژانی یەك نیشتمانی لە كۆڵ كردبوو، تاڵە سپیەكانی ڕیشی گەواهیدەری ئەو نەهامەتییە بوون كە هەرێم بەسەریدا هاتووە، ناچار بە قاچێكی دەستكردەوە خۆی بگەیەنێتە نێو سنوورەكانی پۆڵەندا و لە دارستانەكاندا بۆ ماوەی ٢٣ رۆژ بمێنێتەوە.

مستەفا بە ئانادۆڵی ڕاگەیاند لە شارۆچكەی چەمچەماڵ سەربە پارێزگای سلێمانی بەڕێكەوتووە و ماوەی ٢٤ رۆژە لە جەنگەڵەكانی بیلاڕووس گیری خواردووە.


وتیشی”ماوەی ٣٨ ڕۆژە لە بیلاڕووس-م و ئەمڕۆ دەبێتە ٢٤ ڕۆژ كە لەم جەنگەڵەدا شەو و ڕۆژ دەكەمەوە بە سەرما و برسێتی و بێ ئاوی، ‘ژیان لێرە كولە مەرگییە، بەڵام بڕیارێكە و داومانە، ئینشائەڵڵا خوای گەورە هاوكارمان بێت و دەربچین لەم نەهامەتییە”.

مستەفا باس لەوە دەكات كە بە یەك قاچەوە خۆی گەیاندووەتە بیلاڕووس، لەبەرئەوەی لە هەرێمی كوردستان ژیان نەماوە و سوورە لەسەر ئەوەی لەو سنوورە ساردە بێ نان و ئاوەدا بمێنێتەوە و نەگەڕێتەوە بۆ وڵاتەكەی خۆی و ‘هەتا تروسكایی مابێت ناگەڕێمەوە، بڕیاری كۆتاییمانە، هەموو شتێكمان فرۆشت و هاتینە ئێرە، مەگەر بەزۆر بمنێرنەوە، ئەگەرنا هەرگیز ناگەڕێمەوە.

ئاشكراشیكرد، چوار جار سنووری پۆڵەندای بەزاندووەو گیراوە و گەڕێندراوەتەوە بیلاڕووس، جارێكیشیان ٣٧ كیلۆمەترم بڕی بوو، كەچی گیرام و گەڕاندمیانەوە.