سەردێر

داوا دەكرێت حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم هاوكاری كۆچبەران بكەن

خەڵك-

پەڕلەمانتارێكی پێشووی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت، ئەركی وەزارەتە پەیوەندیدارەكانە لە عێراق و كوردستان ھاوكاری ئەو ھاوڵاتیانە بكەن كە لە جەنگەڵەكانی بێلاڕووس گەڕاونەتەوە.
بڵێسە جەبار فەرمان ئەندامی پێشووی پەڕلەمانی عێراق و ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی لە هەژماری خۆی بڵاویكردەوە، لەم بەشەی جیھاندا ھیچ گرنگی بەلایەنی دەرونی نادرێت، كە بەشێكی زۆری گرفتی جەستەیی سەرچاوەكەی نائارامی دەروونییە، ھەربۆیە دەبێت شارەزایانی بواری دەروونیان بۆ دابین بكرێت و لە ڕووی دەروونیەوە چارەسەر بكرێن، بەتایبەتی منداڵەكان.
وتیشی”وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق دەبێت وەكو كۆچبەرو ئاوارە تەماشایان بكات و ھەموو ھاوكاریەكیان پێشكەش بكات تا بتوانن بگەڕێنەوە بۆ ژیانی ئاسایی خۆیان و ھەوڵی چارەسەری ئەو ناھەمواریانە بدەن كە بوونە ھۆكاری كۆچكردنیان”.
ئاشكراشیكرد، پێشوتریش وتومە دەبێت ھەموو ئەو وەزارەت و دەستە پەیوەندیدارانە ڕاپۆرتی بەدواداچونیان ھەبێت لەسەر ھۆكاری كۆچكردنی ھاووڵاتیان و ھیچ كەسێك بە خواستی خۆی ھۆكار نەدۆزێتەوە و پارتێكی سیاسی تاوانبار بكات.
ڕوونیشیكردەوە، لەدەستدانی ئاوات و خەونی گەیشتن بە ژیانێكی باشتر سەختە و گەڕانەوە بۆ دووبارە ژیانكردن لەو ژینگەیەی خواستیاری دەربازبوون بوون لێی سەختە، ھەربۆیە گرنگە ھەرچی زووتر ڕێكخراوەكان و حكومەت بەھانایانەوە بچن و دەبێت ھاوكاری ئەو كۆچبەرانەش بكرێت كە نایانەوێ بگەڕێنەوە چارەسەرێكیان بۆ بدۆزرێتەوە.