سەردێر

مەسرور بارزانی گەیشتە بەحرەین

خەڵك-
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشداری كۆڕبەندی( دایەلۆگی مەنامە 2021 ) دەكات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریكا و ئەوروپا و وڵاتانی ناوچەكە كۆدەبێتەوە.

(دایەلۆگی مەنامە 2021) ڕۆژانی 19-21 ی ئەم مانگە بە ئامادەبوونی چەندین سیاسەتكار و بیرمەند و خاوەنكار و كەسایەتیی ناسراوی جیهانی بەڕێوەدەچێت و گفتوگۆ دەربارەی بابەتەكانی پەیوەندیدار بە ئاسایش و بەرگری و كێشەكانی ناوچەكە و جیهان دەكرێت.

ئەمڕۆ هەینی 19ی تشرینی دووەمی 2021، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە یاوەری شاندێكی حكومی بەرەو (مەنامە)ی پایتەختی شانشینی بەحرەین بەڕێكەوت بۆ بەشداریكردن لە كۆڕبەندی (دایەلۆگی مەنامە 2021).

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێم، بڕیارە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە پەراوێزی كۆڕبەندەكەش چەندین كۆبوونەوە و دیداری گرنگ لە گەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریكی و ئەوروپی و وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی ئەنجام بدات.

شاندی یاوەری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكهاتووە لە شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری كاروباری پێشمەرگە و ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان.