سەردێر

ئەو پزیشكەی داوای داخستنی خوێندنگەكانی كرد زانیاری نوێ‌ ئاشكرادەكات

خەڵك-

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی، كە لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی زیادبوونی بێشوماری بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا و وەرزی لەناو منداڵان داوای ڕاگرتنی خوێندنی كرد بۆ 10 ڕۆژ، ئاشكرای دەكات، كە بەهۆی گۆڕانی كەشوهەوا و شێداری هەواوە بەڕێژەی 30 بۆ 40% پەتاكە كەمبۆتەوە.

د. پشدەر عەبدوڵڵا، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردەوە، 12 ڕۆژ پێش ئێستا پێشنیارێكم كرد ئەگەر بۆ 10 ڕۆژی تر ئەم پەتای وەرزی و كۆرۆنایە كەم نەكات ئەوە باشترە بۆ ماوەی 10 ڕۆژ دەوامی خوێندنگاكان ڕابگیرێت.

ڕاشیگەیاندووە، سوپاس بۆ خودا بۆ ماوەی هەفتەیەك ئەبێت ژمارەی ئەوانەی سەردانی بەشی ڕاوێژكاری نەخۆشخانە ئەكەن بەڕێژەی ٣٠٪ بۆ ٤٠٪ كەمی كردووە، ئەوانەشی پێویستیان بە داخڵ كردن هەیە لە نەخۆشخانە بەهەمان شێوە بەڕێژەی ٣٠٪ بۆ ٤٠٪ كەمی كردووە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، دابەزینی ئەو ڕێژەیە گومان ئەكەم پەیوەندی بەدرووست بوونی بەرگری ڕێژەیەكی زۆر لە منداڵان بێت بۆ ئەو پەتایانە لەگەڵ گۆڕانی كەش و هەوا بێت بۆ هەوایەكی تاڕادەیەك شێدار .

ئەو پزیشكە دەشڵێت: “داكۆكیكاری سەرسەختی پڕۆسەی پەروەردە و فێركردنین، لە حاڵەتی زۆر پێویست و ناچاریدا نەبێت هەرگیز پێشنیاری داخستنی دەرگای خوێندنگاكان ناكەین، گرنگ نیە گوێمان بۆ ئەگیرێت یان نا، ئەوەی لامان گرنگە ئەوەیە هەموو لایەك ئاگاداری گۆڕانكاریەكانی تەندرووستی بن بۆ ئەوەی ڕێكاری پێویست بگیرێتە بەر بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكان و ڕێگری كردن لە درووست بوونی كارەسات”.