سەردێر

بانكی نێودەوڵەتی مزگێنی پێیە: ئابوری عیراق دەبوژێتەوە

مەترسییەكانیش دەخاتەڕوو

خەڵك-
بەپێی ڕاپۆرتێكی بانكی نێودەوڵەتی كە ئەمڕۆ پێنج شەممە بڵاوكرایەوە، گەشەی ئابوری عیراق بەشێوەیەكی پلەبەندی ڕووی لە بوژانەوەیە، بەهۆی پاشەكشەكردنی چالاكی پەتای كۆرۆنا و زیادبوونی چالاكییە ئابورییە نا نەوتییەكان، پێشبینیش دەكات ڕەوشی بازاڕی نەوت لە جیهاندا باشبوون بەخۆوە ببینێت و ئەمەش ببێتە زیاتر گەشەكردنی ئابوری وڵات لە مەودایەكی مامناوەند، ڕەسیدی دارایی و دەرەكیش لە ساڵی 2021 ئابوری بەرەو باشبوون ببات، بەپێچەوانەی بەرزبوونەوەی ئاستی قەرزەكان لە سەرەتای ئەمساڵ.

ڕاپۆرتەكە باس لەوە دەكات”مەترسی دابەزینی گەشەی ئابوری عیراق، پەیوەندی بە پەرەسەندنی پەتای كۆرۆنا و بەرز و نزمی نرخی نەوت و نسكۆكانی ڕەوشی ئەمنی، و لەگەڕكەوتنی چاكسازییە ئابورییەكانەوە هەیە”.

بانكی نێودەوڵەتی دەڵێت”عیراق لە زۆرترین ئەو وڵاتانەیە كە پشت بە نەوت دەبەستێت لەماوەی دە ساڵی ڕابردوو، داهاتەكانی نەوت زیاتر لەسەدا 99ی هەناردەكانی پێكهێناوە، و لەسەدا 85ی بودجەی حكوومەتی پێكهێناوە، و لەسەدا 42ی بەرهەمی ناوخۆ بووە، ئەم وێدەڕۆییە لە پشتبەستن بە نەوت، وڵات ڕووبەڕووی بەرزیی و نزمی ئابوری گشتی دەكاتەوە، لەكاتێكدا تۆكمەیی بودجە پشت بە گەشەكردن دەبەستێت”.

بانكی نێودەوڵەتی پێیوایە”پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا، كاریگەریی گەورەی لەسەر كۆی گشتی داهاتی عیراق هەبووە لە ساڵی 2020 كە بەڕێژەی 15.7 كەمبۆوە، و داهاتەكانی بودجەش بەڕێژەی لەسەدا 9 كەمبووەوە، ئەمەش بووە مایەی دابەزینبَكی زۆر لە خەرجی گشتی و وەبەرهێنانەكان”.

هەر لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە”لە مانگی كانوونی دووەمی ساڵی 2021، رێژەی بێكاریی لە عیراق بە دە خاڵی سەدی بەرزبۆوە، بەراورد بە ئاستی پێش پەتاكە كە لە 12.7% وەستابوو، تائیستاش بێكاریی لەنێوان ئاوارەكان و ئەوانەی بەشوێن كاردا دەگەڕێن و ئەوانەی بۆ خۆیان كاریی تایبەت دەكەن لەنێو كەرتی نا فەرمی بەرزە. مەترسی ئاسایشی خۆراكی بەردەوامە، وێڕای بەرزبوونەوەی ئاستی گوزەرانی خێزانەكان كە لە سەرچاوە تایبەت و گشتییەكان و لەڕێی بەشەخۆراكەوە كۆمەك دەكرێن”.

بە بۆچوونی بانكى نێودەوڵەتی”لەكاتێكدا ڕەوشی ئابوری لە عیراق بەشێوەیەكی پلەبەندی ڕووی لە باشبوونە لەگەڵ بوژانەوەی بازاڕی  نەوتى جیهانی، بەڵام ئەم بوژانەوەیە پڕە لە مەترسی و ترسی سەرەكی كە جیاوازییە هەرەمییەكان پێكیدەهێنن، بە كۆتوپێوەندەكانی سەر ئیدارەی وەبەرهێنانی گشتی كە كاریگەریی لەسەر پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی گشتی دروستكردووە و بۆتە مایەی خاوبوونەوەی پێدانی پاشەكییەكانی تایبەت بە كرێی گشتی، و دەستدرێژیكردنی زۆر بۆسەر سامانی حكومەت بەهۆی فشەڵی ڕوشی سیاسی، و لاوازیی سیستمی چاودێری تەندروستی، و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی كە بۆتە مایەی دروستكردنی ئاڵۆزیی لە ناوچە جیاجیاكانی وڵات”.