سەردێر

پێنج لایەنی سەرەكی شیعیە داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەكەن

خەڵك –
ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەڕلەمانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، ژمارەیەك سەركردەی لایەنەشیعەكانی عیراق یاداشتێك پێشكەش دەكەن، كە تیایدا داوای هەڵوەشانەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەكرێت .

بەختیار شاوەیس ، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەڕلەمانی عیراق لە لێدوانێكیدا ڕایگەیاند، بریارە هەفتەی داهاتوو هەریەك لە نوری مالكی و هادی عامری و قەیس غەزعەلی و حەیدەر عەبادی و عەمار حەكیم، یاداشتێك پێشكەش بكەن و تێیدا داوای هەڵوەشانەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەكەن.

ڕاشیگەیاندووە، ئەم داواكاریە دوای ئەو گۆرانكاریە زۆرانە هات ، كە لە ئەنجامی هەژماركردنەوەی دەستی بەشێك لە وێستگەكان بەسەر كاندیدە دەرچووەكاندا هاتووە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، ئەو پێنج لایەنە، كە ژمارەی كورسیەكانیان نیوەی شیعە پێكدەهێنن، داواكاریەكەیان ئەگەر گوشاریش بێت، ئەوا پێشهاتێكی نوێ بۆ ئەم هەڵبژاردنەی تشرین دروست دەكات و دەلاقەی متمانە و جیاوازیەكان فراوانتر دەكات و كێشەكان قوڵتر دەكاتەوە.