سەردێر

“ئەو خەباتەی كردمان بۆئەوەنەبوو، كە ئێستا لەكوردستان دەگوزەرێت”

 

سلێمانی ـ نزار جەزا

محەمەدی حاجی مەحموود ڕایدەگەیەنێت، ڕەنگە ئەو خەبات و قوربانیدانەی لەڕابردوودا كردوویانە بۆئەوەنەبووبێت، كە ئێستا لەكوردستان دەگوزەرێت.

ساڵانێكی درێژ بەشێك لەهاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان بوونە پێشمەرگە و قوربانی لەپێناو ئازادكردنی خاكی كوردستان درا، بەڵام ئێستا هەزاران كەس لەو خاكە ئازادكراوە هەڵدێن.

سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، كە یەكێكە لەپێشمەرگە دێرینەكان، لەبارەی ئەوەی، كە ئەو خەباتەی كردوویانە بەرهەمەكەی لەئەمڕۆدا دەبینن، جەختی كردەوە، ئەو خەباتەیان بۆ ئەمە نەكرد.

محەمەد حاجی مەحموود سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، بەدڵنیایی ڕەنگە ئەو خەبات و قوربانیدانەی لەڕابردوودا كردوویانە بۆئەوەنەبووبێت، كە ئێستا لەكوردستان دەگوزەرێت، بەڵام ڕێچكەی ژیان وایە كە بەو جۆرە ناڕوات، كە ئینسان دەیەوێت، هیچ مرۆڤێك ناتوانێت، بەوجۆرەبێت كە بیری لێ دەكاتەوە، تەنانەت قورئانیش وەك خۆی لەلایەن مرۆڤەكانەوە جێبەجێناكرێت.

ئاماژەی بەئەوەشدا، هەموو شتێك لەڕێچكەی خۆی لادەدات، بەڵام دەبێت كاری لەسەر بكەن، بتوانن چارەسەری بكەن.

وتیشی: چەندێك دەسەڵات لەم دۆخەی ئێستا بەرپرسیارە، هێندەش هاوڵاتییان لێی بەرپرسیارن، چونكە 30 ساڵە هاوڵاتییانیش بەیەك ئاڕاستە ڕۆشتوون، بەڵام ئێستا ڕەنگە هەندێكی بیری كردبێتەوە.

زیاتر ڕوونیكردەوە، هەموو لایەنەكان لەم ڕووداوانەی ئێستا بەباش و بەخراپەوە بەرپرسیارن.

دەشڵێت: لەكۆنەوە كۆچ و كۆچبەر هەر هەبووە، بەڵام شێوازەكەی جیاوازە، بەڵام وەك میللەتی كورد پێویستە ئێمە خاكی خۆمان خۆشبوێت و حكومەتیش ئەركییەتی پەروەردەی نەوەكانی كوردستان لەهەموو بوارەكان بكات.

باسی لەئەوەشكرد، نەبوونی بەرنامەی دوورمەودا و نزیكمەودا هۆكاری سەرەكی كۆچكردنە، واتە پێویستە حكومەت پلان و پڕۆژەی بۆ نزیك و دوور هەبێت، بۆئەوەی ڕووبەڕووی كێشە نەبێتەوە.

زیاتر ڕوونیكردەوە، گرنگە حكومەتی هەرێم هەلی كار بۆ هاوڵاتییان بڕەخسێنێت و ئەو كەسانەی تەمەنیان زۆرە خانەنشین بكرێن و ئەوانی دیكە بخرێنە شوێنیان، ئەوانەشی كە كاریان نییە، موچەیەكیان هەبێت بۆئەوەی بژین تاكو دەچنەسەركارێك.

ئەمە لەكاتێكدایە لەساڵی 2015ەوە نزیكی 650 هەزار هاوڵاتی لەهەرێمی كوردستانەوە كۆچیان بۆ وڵاتانی دیكە كردووە.