سەردێر

ساڵوەگەڕی كۆچی دوایی “بەهرۆز ڕەحیم” ڕۆژنامەنووسە ئازیز‌ و دیارەکەی (خەڵك)

خەڵك-

پێنج ساڵ پێش ئێستا و لە ڕۆژێكی وەك ئەمڕۆدا لە 18-11-2016 ڕۆژنامەنووسە ئازیز و لەسەرخۆ و هێمەنەكەی (تۆڕی میدیایی خەڵك) بەشێوەیەكی لەناكاو و بە جەڵدەی دڵ ماڵئاوایی لێكردین و خەم و زامێكی بۆ جێهێشتین، كە چارەسەركردن و پڕبوونەوەی زۆر زەحمەتە.

بەهرۆز ڕەحیم، كە بە ڕۆژنامەنووسە هێمن و دەم بە خەندەكەی (خەڵك) ناسراوە، بەرەبەیانی 18-11-2016 لە شاری سلێمانی بە هۆی جەڵدەی دڵەوە ماڵئاوایی لە كەسوكار و هاوڕێ‌ و ئازیزانی كرد.

ڕۆژنامەنووس بەهرۆز ڕەحیم لە دایكبووی ساڵی ١٩٧٦ ی گوندی دولكانی نزیك پیرەمەگروونی سەر بەشارۆچكەی دوكانە و سەرەتای خوێندنی لە گوندەکەی  بووە و دواتر هاتوونەتە سلێمانی و بەشی ڕاگەیاندنی زانكۆی سلێمانی لە ساڵی ٢٠٠٣ – ٢٠٠٤دا تەواوكرد.

ماوەیەك وەك پەیامنێر و وێنەگر لە كەناڵی گەلی كوردستان كاریكردووە، دواتر لە چەند شوێنێكی دیكە كاری ڕۆژنامەنووسی كردووە و دوا وێستگەی كاركردنی (تۆڕی میدیایی خەڵك) بووە، ڕۆژی هەینی 18-11-2016 كاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی كارمەندی دڵسۆز و بە سەلیقەی (تۆڕی میدیایی خەڵك) بەهۆی جەڵتەی دڵەوە لەماڵەكەی خۆی لە شاری سلێمانی گیانی لەدەستدا.

لە كاتی خوێندنی زانكۆدا پەیوەندیەكی خۆشەویستی لەگەڵ “سروشت خان ” دروست دەكات، ئەویش هەر خوێندكاری بەشی ڕاگەیاندنی زانكۆی سلێمانی بووە و دوای تەواوكردنی خوێندن بەیەك شاد دەبن و ژیانی هاوسەریان پێكهێنا و  دوو منداڵیان هەیە بەناوەكانی (ئاسا و نوا).