سەردێر

پەڕلەمانتارێكی پارتی: بۆ پێدانی نەوتی سپی بە هاووڵاتیان گەشبین نیم

خەڵك-
لەگەڵ ساردبوونی كەشوهەوا، حكومەتی هەرێمیش لە دابەشكردنی نەوت ساردبۆتەوە، چونكە سەرەڕای بڕیاری حكومەت بۆ “پێدانی بەرمیلێك نەوت بە هەر ماڵێك پێش دەستپێكردنی سەرما”، بەڵام وەرزی پاییز دوو مانگی ڕۆیشتووە و تا ئێستا زۆربەی زۆری هاووڵاتیان نەوتیان وەرنەگرتووە و پەڕلەمانتارێكی پارتی-ش ڕایدەگەیەنێت، كە بەم جۆرەی ئێستا گەشبین نییە نەوت بە هەموو هاووڵاتیان بدرێت.

ماوەی زیاتر لە مانگێكە دابەشكردنی نەوتی سپی بە 55 هەزار دینار دەستی پێكردووە، بەڵام تا ئێستا بەشێكی ناوچە شاخاوییەكان دابەشكراوە و لەناو شارەكان هێشتا نەوت دابەش نەكراوە، تەنها لە سلێمانی نەوت دراوە بە هاووڵاتیانی مەڵبەندێك و بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) ڕۆژانە بڕێكی زۆر كەم نەوت دێت و هەندێك كات دەوەستێت و ئەم هەفتەیە نەوت دابەش نەكراوە.

گولیزار ڕەشید سندی، جێگری سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكانی پەڕلەمانی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئەو نەوتەی بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكرێت، حكومەتی هەرێم لە حكومەتی عێراقی كڕیوە بەرمیلی بە 80 هەزار دینار و حكومەتی هەرێم خۆی پاڵپشتی دارایی دەكات و دەیداتەوە بە 55 هەزار دینار بە هاووڵاتیان.

ڕاشیگەیاند، تا ئێستا لە ناوچە شاخاوییەكان نەوت دابەش دەكرێت، كە لە هەولێر 9 ملیۆن لیتر دابەش كراوە و لە دهۆكیش نزیكەی ئەو بڕەیە، لەكاتێكدا ناوچە شاخاوییەكانی هەولێر پێویستی بە 23 ملیۆن لیتر هەیە.

جەختیشی كردەوە، پێویستە هەرێم لەگەڵ عێراق بگاتە لێكتێگەیشتنێك تاوەكو هەرێم لە سووتەمەنی بێبەش نەكرێت، چونكە هەرێم بەشێكە لە عێراق و چۆن پاڵپشتی بۆ پارێزگاكان لە نەوت و بەنزین دابین دەكات ئاواش بۆ هەرێم دابینی بكات، بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێم لەگەڵ عێراق ڕێكبكەوێت.

وتیشی، “وەزیری سامانە سروشتییەكان دڵنیایی ئەوەی پێداوین، كە هەموو هاووڵاتیان نەوت وەردەگرن، بەڵام تاوەكو ئێستا نەك لە شارەكان نەوت دابەش نەكراوە، بەڵكو زۆربەی هاووڵاتیانی ناوچە شاخاوییەكانیش نەوتیان وەرنەگرتووە، بۆیە ئەگەر بەو شێوازەبێت، كە بە سستی دێت و ڕۆژانە تەنكەرێك بۆ دوو تەنكەرە ئەوا من گەشبین نیم بەشی هەموو هاووڵاتیان نەوت بدرێت”.