سەردێر

بە خشتەی نوێ‌ مووچەی بەشێكی مامۆستایان دابەش دەكرێت

خەڵك
نوێنەری گشتی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێم ڕایدەگەیەنێت، كە وەزارەتی پەروەردە داوای ئامادەكردنی لیستی مووچەی مامۆستایانی وانەبێژی كردووە بە شێوازی نوێ‌، كە لە ماوەی ڕابردوودا ڕێنمایی دارایی پێ‌ دەرچوو.

كارۆخ عەبدوڵڵا گوڵاوی، نوێنەری گشتی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێم لە ڕوونكردنەوەیەكدا بۆ مامۆستایانی وانەبێژ ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ لەوەزارەتەوە داوای ئامادەكردنی لیستی وانەبێژی بەشێوەی (مەقتوع) كراوە، كە پێش ۲٤ /٢٠٢١/١١ لیستی وانەبێژی مامۆستایانی دانەمەزراو بۆ مانگی ۱۰ بگات بە بەشی وردبینی.

ڕوونیشی كردۆتەوە، بەپێی بڕیاری وەزارەتی پەروەردە (خشتەی ژمارە ۱ + فرمانی لیژنە + جدول حسس) جوان وردبینی بكرێت لەلایەن لیژنە و كۆی گشتی بنووسرێت هەڵە نەكرێت لە بڕی پارە تەنها یەك جار وەرئەگیرێت ناكرێ ۳ تا ٤ جار بگۆڕدرێت.

دەشڵێت: “مامۆستا عەدالەت، بەڕێوەبەری پەروەردەی كەلار پێ ڕاگەیاندین، لەهەفتەی داهاتوو ڕۆژی یەك شەممە دەگەڕێمەوە، كە بەهۆی باری تەندرووستی لەدەرەوەیەی وڵاتە و هەوڵمانداوە لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و دارایی بۆ ئەم وانەبێژانەی سەرووی ٢٤ بەشەوانەیان هەیە هەر پسپۆڕیەكیان هەبێت جگە لە پارەی مەقتوع حسەی زیادەیان بۆ حیساب بكرێت بەپێی بەشەوانە وەكو چۆن لە ڕێنمای وەزارەتی دارایی ئاماژەی پێدراوە”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، بەپێی بڕیاری پەروەردە بۆ ئەو وانەبێژانەی دوو دەوام دەكەن لە دوو خوێندنگە هەردوو دەوامی بۆ هەژمار دەكرێت یەكێك مەقتوع و ئەوی تر حسە.

ئاشكراشی كردووە، لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی پەروەردە و دارایی هەوڵی جدی دەدەین بۆ ئەوەی بابەتی مامۆستایانی وانەبێژ بخرێتە بەرنامەی كاری ئەنجوومەنی وەزیران و كاری لەسەر بكرێت و دابمەزرێن.