سەردێر

درێژترین مانگ گیران ڕوودەدات

خەڵك-
ڕێكخراوی فەلەكناسی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، كە لە دوو ڕۆژی داهاتوودا مانگ گیرانی ناتەواو (نیمچەیی) ڕوودەدات و بە درێژترین ماوەی مانگ گیران دادەنرێت، كە زیاتر لە 6 كاتژمێر دەخایەنێت.

ڕێكخراوی فەلەكناسی كوردستان لە ڕاپۆرتێكدا، كە بۆ (خەڵك)ی ناردووە ئاماژەی بەوەكردووە، چاوەڕوان دەكرێت ٢٠٢١/١١/١٩ مانگ گیرانی ناتەواو لە بەشێك لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ئوسترالیا و زەریای هێمن و ئەمریكای باكور و باشور ڕووبدات، بەڵام لە هەرێمی كوردستان و عێراق بەدی ناكرێت.

ڕاشیگەیاندووە، كە ماوەی تەواوی مانگ گیرانەكە ٦ كاتژمێر و دوو خولەكە ـ ۲۱۹٦۳ چركە دەخایەنێت.

سەبارەت بەوەی بۆچی بە درێژترین دیاردەی مانگ گیران دادەنرێت؟ ڕوونی كردۆتەوە، “ساتی ڕوودانی دیاردەكە مانگ لەگەڵ هەسارەكەمان لە دوورترین خاڵدایە بە دووری ٤۰٥۱٥۷ كیلۆمەتر ئەمەش تێپەڕبوونی مانگ بەنێوسێبەری زەوی ماوەی زیاتر دەخایەنێت دیاردەی ئەمجارەش درێژترین ماوە دەخایەنێت”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، مانگ گیرانی ناتەواوی ۱۹ی مانگ (كاتژمێر 9:01 خوولەكی بەیانی بەكاتی هەرێمی كوردستان و عێراق ڕوودەدات، كە لە هەرێم ڕۆژە و بەدی ناكرێت.

لە ساتی مانگ گیرانی پێشووتری ئەمساڵ ٢٠٢١/٥/٢٦ مانگ لە نزیكترین خاڵدا بوو لەگەڵ زەوی بەدووری ۳٥۷٤٨۹ كیلۆمەتر، كە ماوەی دیاردەكەش ٥ كاتژمێر بوو .