سەردێر

عیراق، دهۆك زۆرترین تووشبوون و مردنی بە كۆرۆنا تۆماركرد

خەڵك –
وەزارەتی تەندروستی عیراق ڕایدەگەیەنێت، 806 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە، 1181 كەسیش چاكبوونەتەوە، 18 كەسیش بەهۆی پەتاكەوە گیانیان لەدەستدا كە 11 كەسیان لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بوون.

بەپێی بەیاننامەیەك، كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە بڵاوكرایەوە” لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 18 هەزار و 780 پشكنینی تایبەت بە كۆرۆنا ئەنجامدراوە و دەركەوتووە 806 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و ئەنجامەكانیان پۆزەتیڤ بوون، ئەمەش بە ژمارەیەكی كەمتری تووشبوونی ڕۆژانە بە پەتاكە لە وڵاتدا دادەنرێت.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ”زۆرینەی تووشبووەكان لە دهۆك و هەولێر و سلێمانی تۆماركراون، بەجۆرێك كە لە لە دهۆك 202 و لە هەولێر 175 و لە سلێمانی 88 حاڵەتی تووشبوون تۆماركراون”.

وەزارەتی تەندروستی عیراق ئاماژەی بە چاكبوونەوەی 1181 تووشبووی كۆرۆنا كردووە، كە زۆربەیان لە بەغدا و هەولێر ودهۆك و سلێمانی بوون، ویڕای گیان لەدەستدانی 18 كەس بەهۆی پەتاكەوە كە 11 حاڵەتیان لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان تۆماركراون.

ماوەیەكە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، زۆرترین ڕێژەی تووشبوون و مردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماردەكەن، ئەمەش لە ئامارەكانی ڕۆژانەی وەزارەتی تەندروستی عیراقدا بەشێوەیەكی ڕوون دەردەكەوێت.