سەردێر

وادەی یەكەم گەشتی گیڕانەوەى عیراقیەكان لە بیلاڕوسەوە ڕادەگەیەنرێت

خەڵك-
وەزیری پەیوەندییەكانی عیراق، وادەی یەكەم گەشتی گێڕانەوەی عیراقییەكان لە بیلاڕسەوە بۆ وڵات ڕادەگەیەنێت و تا ئێستاش 170 كۆچبەر ناوی خۆیان تۆماركردووە.

ئەركان شەیبانی، وەزیری پەیوەندییەكانی عیراق لە كۆنفراسێكی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند”لە پێنج شەممەی داهاتوو، یەكەم گەشتی گێڕانەوەی عیراقییان لە بیلاڕوسەوە بۆ وڵات بەڕێدەخرێت”.

پێشتر وەزارەتی دەرەوەی عیراق، ئاماژەی بە ڕێكخستنی گەشتی گێڕانەوەی ئەو كۆچبەرانە كردبوو كە لە وڵاتی بیلاڕوسەوە دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ وڵات و باسی لە ئادەیی ژمارەیەكی زۆری كۆچبەرانیش كردبوو كە خواستی گەڕانەوەیان هەیە و دەیانەوێت لەڕێی ئەو گەشتانەوە كە بە بێ‌ بەرانبەردەبن، بگەڕێنەوە بۆ وڵات.

لەئێستادا زیاتر لە 4 هەزار كۆچبەر لەنێوان سنورەكانی بیلاڕوس و پۆڵەندا گیرییان خواردووە (زۆربەيان عيراقيين) و هێزە ئەمنییەكانی پۆڵەندا ڕێگەنادەن سنورەكان ببەزێنن و بپەڕنەوە بۆ وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا.

یەكێتی ئەوروپا پێیوایە پرسی ئەو كۆچبەرانەی ئێستا لەسەر سنورەكانی نێوان بیلاڕوس و پۆڵەندان، سیاسییە و مینسك دەیەوێت وەك كارتی گوشار لەدژی ئەو سزایانەی لەلایەن یەكێتييەكەوە بەسەریدا سەپێنراوە، بەكارییان بهێنێت.