سەردێر

نوێنەری هەرێم: یەكێتی ئەوروپا كۆچبەرانی سنورەكانی بیلاڕوس وەرناگرێت

خەڵك-
نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتی ئەوروپا ئاماژە بە هەڵوێستی فەرمی یەكێتی ئەوروپا دەكات بەرامبەر بە كۆچبەرانی سنورەكانی بلاڕوس- پۆڵەندا و دەڵێت، ڕێگە نادات ئەو كۆچبەرانە بچنە ناو خاكی ئەوروپاوە.

دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتی ئەوروپا، بەدەنگی ئەمریكای ڕاگەیاندووە”هەڵوێستی فەرمی ئەوەیە یەكێتی ئەوروپا ڕێگە نادات ئەو كۆچبەرانە بچنە ناو خاكی ئەوروپاوە”.

بە وتەی ئاژگەیی ” بۆ یەكێتی ئەوروپا دوای بابەتی ئاسایش، بابەتی هاتنی كۆچبەران بابەتێكی هەستیارە و هەموییان كۆكن لەسەر ئەوەی پێشگیری لێبكرێت”.

نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتی ئەوروپا دەڵێت، جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا سەردانی لوبنان و عێراق و هەرێمی كوردستان و ئەو شوێنانە دەكات كە خەڵكی ئەو وڵاتانە لێوەی كۆچ دەكەن، لەگەڵ بەرپرسانی ئەو شوێنانە قسەدەكرێت بەمەبەستی ئەوەی كە چۆن ڕێگە بگیرێت لەوەی خەڵك بەو شێوازە بچنە ئەوروپا”.