سەردێر

ئەڵمانیا: سزای زیاتر بەسەر بیلاڕوسدا دەسەپێنین

خەڵك-
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژە بە توندتركردنی سزاكانی سەر بێلاڕوس دەكات لەلایەن یەكێتی ئەوروپا.

هێیكۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، بەرلە كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەكێتیی ئەورووپا لە بڕۆكسل رایگەیاند”، ئەلێكساندەر لوكاشینكۆ سەرك كۆماری بێلاڕوس ویسوویەتی یەكێتیی ئەورووپا سزاكانی سەر وڵاتەكەی هەڵبگرێت، بەڵام ئەمڕۆ لێرە وەڵامی دەدەینەوە، بە تایبەت سزاكانی سەر ئەو كەسانەی قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە دەكەن توندتر دەكەین”.

بە وتەی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا”سیستەمێكی نامرۆڤانەیە كە كۆچبەران وەك كارتی گوشار بەرامبەر بە یەكێتیی ئەورووپا بەكاردەهێنرێت، بارودۆخەكەش لەم ماوەی دواییدا لەو بارەیەوە خراپتر بووە”.

تەنگژەی ئێستای كۆچبەران لە كۆتایی مانگی ئابەوە دەستیپێكرد، كاتێك ژمارەیەكی زیاتری كۆچبەران كە زۆربەیان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە هاتبوون، لەسەر سنورەكانی پۆڵەندا و لاتڤیا و لیتوانیا گردبوونەوە بە هاندانی بیلاڕوس، لەئێستاشدا نزیكەی 4 هەزار كۆچبەر یان زیاتر كە لە پیاوان و ژنان و منداڵان پێكهاتوون و بەدەست سەرماوسۆڵەوە دەناڵێنن لە سایەی نەبوونی جێداڵدەیەكی گونجاو و دابین نەكردنی ئاو و خۆراك بۆیان، لەسەر سنورەكانی نێوان بیلاڕوس و پۆڵەندان.