سەردێر

مەسرور بارزانی: كار دەكەم بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی و ئاسایشی پەنابەرانی كورد

خەڵك

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان نیگەرانی خۆی لە بارەی دۆخی پەنابەرانی كورد لە سنووری بیلاڕوسیا و پۆڵەندا دەربڕی و ڕایگەیاند، باشكردنی بارودۆخیان، بەرپرسیاریەتییەكی هاوبەشی هەموومانە.
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی: زۆر نیگەرانم لە بارودۆخی هاووڵاتییانمان و هەموو ئەوانەی ئێستا لە سەر سنوورەكانی یەكێتی ئەوروپادان.

مەسرور بارزانی ڕاشیگەیاندووە، باشكردنی بارودۆخیان، بەرپرسیاریەتییەكی هاوبەشی هەموومانە.

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕوونیشیكردووەتەوە، ئەوان لە‌لایەن قاچاغچی و بازرگانانی مرۆڤ و چەند تۆڕێكی دەرەكی فریودراون.

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكراشیكردووە، لە هەوڵدایە بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی و ئاسایشی ئەو هاووڵاتیانەی لە ناوچە سنوورییەكانی نێوان بیلاڕوسیا و پۆڵەندان و نووسیویەتی: لەگەڵ هاوبەشەكانمان لە پەیوەندیدام و كار دەكەم بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی و ئاسایشی ئەو هاووڵاتییانەمان.