سەردێر

لەسەرجەم دامودەزگاكانی حكومەت كارتی ڤاكسین دەكرێتە مەرج

خەڵك
لە داهاتوودا كارتی ڤاكسین بۆ سەردانی دامودەزگاكانی حكومەت دەكرێت بە مەرج، بۆیە نەك تەنها ئەو كەسانەی سەفەر دەكەن، بەڵكو هەموو هاووڵاتییان پێویستیان بە كارتی ڤاكسینە.


دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “ئێستا لەناو شەپۆلی سێیەمی كۆرۆناداین و رێژەی تووشبوون تائێستا %8ـە، لە باشوور و ناوەڕاستی عیراق دووبارە ژمارەی تووشبووان لە هەڵكشانە و پێدەچێت شەپۆلی چوارەم روومان تێبكات.

ئاماژەی بەوەشدا پێشبینی دەكەن شەپۆلی سێیەم و چوارەمی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان تێكەڵ بن و ژمارەی تووشبووان بەرزبێتەوە.

وتیشی، پێشبینی دەكەین لە هەرێمی كوردستان شەپۆلی سێیەم و چوارەم تێكەڵ بن و ژمارەی تووشبووان زیاد بكاتەوە، بۆیە دووپاتی دەكەینەوە كە پێویستە هاووڵاتییان پابەندی رێنماییەكان بن.

ئاماژەی بە ئەوەشكرد، تائێستا زیاتر لە 40 هەزار كارتی ڤاكسینمان دروستكردووە و ئێستا كارتی (پلاستیكی) دەستیپێكردووە، لەمەودوا ئەو كارتە نەك هەر بۆ سەفەر كردن، بەڵكو هەموو هاووڵاتییان پێویستیان پێدەبێت، لە داهاتوودا دوای ئەوەی ئەو مۆڵەتەی بۆ وەرگرتنی ڤاكسینی مامۆستایان دیاركراوە، داوای ئەوە دەكەین هەر كەسێك سەردانی دامودەزگاكانی حكومەت بكات یان كارتی ڤاكسینیان پێ بێت یان پشكنینی نوێی كۆرۆنا.