سەردێر

كاتی كۆتایی هاتنی ڕەشەبا و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما دیاریكرا

خەڵك-
بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، پلەكانی گەرما ڕوو لە بەرزبوونەوە دەكەن و ئەم شەپۆلی بەفر و سەرمایە لەسەر ناوچەكانی هەرێم كۆتایی دێت و لە ڕۆژی دوو شەممەوە ڕەشەبا نامێنێت.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لەمڕۆوە كاریگەری ناوچەیەكی پەستان بەرز لەباكوری وڵاتی ئێرانەوە كاردەكاتەوە سەرناوچەكانی ھەرێم و ئاسمان بە زۆری دەگۆرێت بۆ ساماڵ و كۆتایی بە كاریگەری ئەم شەپۆلە بەفر و بارانە دێت و بەرزترین پلەكانی گەرما بەڕێژەی ٣ تا ٧ پلەی سیلیزی بەرزدەبنەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەمڕۆ شەممە، خێرایی با لە ئاڕاستەی باكوری ڕۆژھەڵاتەوە بەشێوەی ڕەشەبا و وشكە سەرما لەناوچەكانی ڕۆژھەڵاتی ھەرێم (سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارە ڕاپەڕین) چالاكی بەردەوام ئەبێت بەتایبەت ناوچە شاخاویەكان بە خێرایی ٢٠ تا زیاتر لە ٣٥ كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا .

ئاشكراشی كرد، كاریگەری ئەو ڕەشەبایە، تا بەرەبەیانی ڕۆژی یەك شەمە ١٤-١١-٢٠٢١ بەردەوامی ئەبێت و لەپێش نیوەڕۆی ڕۆژی دوو شەممەوە ١٥-١١-٢٠٢١ كەمدەبێتەوە و كۆتایی پێدێت .