سەردێر

هۆشداری لەكاركەوتنی هێڵەكانی ئینتەرنێت و كارەبا و سەتەلایتەكان دەدرێت

خەڵك-

لێكۆڵینەوەیەكی زانستی لە زانكۆی كالیفۆڕنیا ئێرڤن ئاشكرایدەكات، گەردەلولی بەهێزی خۆر كە بە ئاڕاستەی زەوی دێت ئەگەری هەیە ببێتەهۆی لەكارخستنی هێڵەكانی ئینتەرنێت و كارەبا و سەتەلایتەكان.

ئاژانسی ناسا بڵاویكردەوە، گەردەلولی خۆری یەكێكە لە دیاردە باوەكانی “كەشوهەوای واڵایی” و كاتێك دروست دەبێت كە خۆر لە ئەنجامی تەقینەوەی گەورەدا ڕێژەیەكی زۆر لە پلازما و وزەی موگناتیسی دەردەدات، ئەگەرچی ئەم گەردەلولانە مەترسی ڕاستەوخۆیان بۆ سەر مرۆڤ نییە، بەڵام كاریگەری دەخەنەسەر بواری موگناتیسی زەوی و دەكرێ ببنەهۆی ڕاوەستانی ئامێرەكانی تەكنەلۆجی.

ئاشكراشیكرد، ئەم گەردەلولانە دەبنەهۆی دروستبوونی دیاردەی سروشی سەرنجڕاكێشی ناسراو بە ئەورۆرا یاخود “تیشكی جەمسەری” كە تێیدا ئاسمانی ناوچەكانی نزیك لە جەمسەرەكانی ڕووی زەوی بە ڕوناكی سەرنجڕاكێش دادەپۆشرێن.

بەپێی زانیارییەكان، خولی خۆر هەر 11 ساڵ جارێك لە بواری موگناتیسی خۆردا ڕوودەدات، پێشبینی دەكرێت ئەم خولەی ئێستا لە ساڵی 2025 بگاتە ترۆپك.

بەگوێرەی لێكۆلێنەوەكەی زانكۆی كالیفۆڕنیا ئێرڤن، ئەگەری هەیە ئەو گەردەلولە خۆریانەی ئێستا كاریگەری زۆرتر بخەنەسەر ئەو هێڵانەی ئینتەرنێت كە لەژێر دەریادان، چونكە زۆرترین مەودایان هەیە، هەروەها لێكۆڵینەوەكە پێشبینی كرد ئەمریكا لە وڵاتانی ئەوروپا زیاتر زیانی بەربكەوێت لە ئەگەری ئەم گەردەلولانە.

دكتۆر سانگیسا عەبدوجیۆسی بەرپرسی لێكۆڵینەوەكە ڕایگەیاند، دەكرێت هۆشداری بدرێت لەسەر ئەم گەردەلولانە نزیك 13 كاتژمێر بەر لە ڕوودانیان، بەڵام بەرگریكردن لێیان لەسەر زەوی سنووردارە و دەبێت ئامادەكاری بكرێت بۆ ئەگەری لەكاركەوتنی هێڵەكانی ئینتەرنێت.

پێشتر گەردەلولی بەهێزی خۆر ڕوبەڕووی زەوی بووەتەوە بەڵام لە كاتێكدا كە مرۆڤایەتی وەكو ئێستا پشتی بە كارەبا و ئینتەرنێت نەبەستبوو. ساڵی 1859 گەردەلولێكی بەهێزی خۆری بواری موگناتیسی زەوی گرتەوە كە بووە هۆی لەكاركەوتن و گڕگرتنی چەندین هێڵی سیستەمی گواستنەوەی تێلەگرافی لە سەرانسەری جیهان.