سەردێر

پاسپۆرتی سلێمانی بۆ هاووڵاتیان: وەرن پاسپۆرتەكانتان ببەنەوە

زیاتر لە 7 هەزار پاسپۆرت تەواوبووە

خەڵك-
بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی ئاماژە بە بوونی زیاتر لە 7 هەزار پاسپۆرت دەكات لە بەڕێوەبەرایەتیەكە، داواش لە هاوڵاتیان دەكات بچن بۆ وەرگرتنەوەی پاسپۆرتەكانیان.

بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە ئەمڕۆ پێنجشەممە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی بڵاوكرایەوە”داوا لەهاوڵاتیان دەكات بۆ وەرگرتنەوەی پاسپۆرتەكانیان سەردانیان بكەن، چونكە 7 هەزارو 72 پاسپۆرت لە بەڕێوەبەرایەتییەكە تەواو بووە.

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە”لە كاتژمێر 3ی پاشنیوەڕۆ تا 6ی ئێوارە هاوڵاتیان دەتوانن سەردانیان بكەن و پێوستە خاوەن پاسپۆرت خۆی ئامادەبێت و پێناسێكیشی پێبێت، بەڵام ئەگەر كەسەكە تەمەنی لە خوار 18 ساڵەوە بوو، وەلیئەمرەكەی دەتوانێت بۆی وەربگرێتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی دەڵێت”ئەو كەسانەی تەمەنیان هەیەو كەسێكی نزیكی پەنجەمۆری بۆ كردووە، پێویستە هەمان كەس كە پەنجەمۆرەكەی كردووە ئامادەبێت، هەروەها پێویستە پابەندی رێنماییە تەندروستییەكان بن بۆ خۆپاراستن لەڤایرۆسی كۆرۆناو زیاتر بڵاونەبوونەوەی ڤایرۆسەكە لەنێو هاوڵاتیاندا”.