سەردێر

ئەمڕۆ عیراق ڕووبەڕووی سوریا دەبێتەوە

خەڵك-
لە یارییەكی چارەنوسسازی گەڕی پێنجەمی پاڵاوتنی سەركەوتن بۆ جامی جیهانی قەتەر 2022، ئەمڕۆ هەڵبژاردەی عیراق ڕووبەڕووی هەڵبژاردەی سوریا دەبێتەوە.

یارییەكەی ئەمڕۆ بۆ عیراق گرنگییەكی زۆری هەیە و یەكسان بوون یان دۆڕاندن هێندەی تر چانسی كەمدەكاتەوە لە گەیشتن بە مۆندیال كە لە هەموو میژووی خۆیدا تەنیا یەك جار گەیشتۆتە دوایارییەكانی جامی جیهانی كە ئەویش لە ساڵی 1986 بوو لە مەكسیك.

عیراقییەكان هێشتا خەون بە گەیشتنی هەڵبژاردەی شێرەكانی ڕافیدەینەوە دەبینن بۆ مۆندیال، دوای ئەوەی لە چوار یاریی پێشووی پاڵەوتنەكە بە ئەنجامی 0-0 لەگەڵ كۆریای باشوور یەكسان بوون و بە ئەنجامی 0-3 بە ئێران دۆڕان و لەگەڵ هەریەك لە لوبنان 0-0 و ئیمارات 2-2 یەكسان بوون.

بردنەوەی یارییەكەی ئەمڕۆ كە لە كاتژمێر 8ی ئێوارە لە یاریگای سانی بن جاسمی یانەی غەرافە لە قەتەر بەڕێوەدەچێت، هیوای هەڵبژاردەی عیراق بۆ گەیشتن بە جامی جیهانی زیندوو دەكاتەوە، دۆڕاندن یان یەكسانبوونیش هێندەی تر كارتەكانی دەسوتێنێت و لەو خەونە دووریدەخاتەوە.