سەردێر

كازمی دەبێتەوە بە سەرۆك وەزیرانی عێراق

خەڵك-
ماوەی مانگێكە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق كۆتایی هاتووە و تا ئێستا ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكە لەلایەن كۆمسیۆن و دادگای فیدڕاڵییەوە پەسەند نەكراوە و بەپێی ئەنجامە بەراییەكانیش هاوپەیمانی سائیرون-ی سەر بە موقتەدا سەدر زۆرترین ژمارەی كورسی بەدەستهێناوە و چوار كاندیدیشی هەیە بۆ سەرۆك وەزیرانی داهاتوو، كە كاندیدی بەهێزیان سەرۆك وەزیرانی ئێستایە.

كێ‌ دەبێتە گەورەترین كوتلەی پەڕلەمانی؟
لە ئێستادا ململانێكانی نێوان ماڵی شیعە لەسەر دیاری كردنی گەورەترین كوتلەی پەڕلەمانییە سەرەڕای ناڕەزایی هەریەكە لە (مالكی و عەبادی و حەكیم و عامری و خەزعەلی) لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، بەڵام بەرەیەكیان بەناوی (هەماهەنگی) پێكهێناوە و خۆیان بە گەورەترین كوتلەی پەڕلەمانی دەزانن، لەكاتێكدا هاوپەیمانی سائیرون، كە لەلایەن موقتەدا سەدرەوە سەركردایەتی دەكرێت بە بەدەستهێنانی (73) كورسی خۆی بە براوە و زۆرینەی پەڕلەمانی دەزانێت و دەیەوێت لەگەڵ سوننە و كورد حكومەت پێكبهێنێت.

بەپێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بۆ شرۆڤەی دەقەكانی دەستووری عێراق، گەورەترین كوتلەی پەڕلەمانی، كە پێش یان دوای هەڵبژاردن پێكدەهێنرێت و لە یەكەم كۆبوونەوەی پەڕلەمان خۆی ڕادەگەیەنێت، ئەوە دەتوانێت حكومەت پێكبهێنێت و كاندید بۆ سەرۆك وەزیران پێشكەش بكات.

موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە، لیستەكەیان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەڕلەمانی عێراق بە ناوی (هاوپەیمانی سائیرون) بووە بە گەورەترین كوتلەی پەڕلەمانی بە بەدەستهێنانی (73) كورسی لەكۆی (329) كورسی پەڕلەمان و بەوەش هەوڵی پێكهێنانی هاوپەیمانێتیدان لەگەڵ لیستەكانی دیكە.

جەختیشی كردۆتەوە، بڕیارەكانی كۆمسیۆنمان قبوڵە، بە دڵنیاییەوە یەكەم كارمان ڕەزامەندی خودا و دووەمیش كەمتەرخەمی ناكەین بەرانبەر گەلەكەمان، چونكە گەل بەرانبەرمان لەم پڕۆسە دیموكراسیەدا كەمتەرخەم نەبووە.

بازەكە بەسەر كازمی-یەوە دەنیشێتەوە
دەستەی سیاسی ڕەوتی سەدر لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەیان بەوەكردووە، كە زۆرترین كورسی پەڕلەمانیان بەدەستهێناوە و بەپێكهێنانی هاوپەیمانێتییەك حكومەت ڕادەگەیەنن و چوار كاندیدیان بۆ سەرۆك وەزیرانی داهاتوو هەیە، كە بەهێزترینیان مستەفا كازمییە.

بورهان محەمەد فەرەج، چاودێری سیاسی لە وتارێكدا سەبارەت بە دۆخی ئێستای عێراق ئاماژەی بەوەكردووە، سەبارەت بەڕەوشی عێراق و ئاڵۆزی و ئەڵنگاریەكانی ئەم دوایەیی گۆڕەپانی سیاسیی وڵات ھەڵوێست و تەسریحاتی جیا جیای لێكەوتەوە، بەتایبەت لەسەر ھێرشە كەی سەرماڵی سەرۆك حكومەت، هەریەكە لە ئەمریكا و ئێران ئیدانەی ئەو هێرشانەیان كرد و بە كاری تیرۆرستی ناوزەندیان كرد.

دەشڵێت: “دیارە ئەمریكا بەتوندی ھاتۆتە سەر خەت، ئێرانیش ئەو توندیەیی ئەمریكای بەھەند وەرگرتووە، بۆ یە ئاغای قائانی سەردانی بەغدای كردووە و گروپە شیعەكان جگە لە عامری كەسی نەبینیوە، تەنیا لە گەڵ سەرۆك كۆمار و سەرۆكی حكومەت كۆبۆتەوە”.

ڕوونیشی كردۆتەوە، پێدەچێ ئەگەر بە دڵخوازی گروپە شیعەكان بێت، بارودۆخی عێراق تێكدەدەن، بەڵام دیارە ئەمریكا و ئێران دژی تێكدانی بارودۆخی عێراقن، بۆیە لێرەدا دەردەكەوێت پشتیوانی كازمی زۆر بەھێزە، ئەگەری كاندیدكردنەوەی ھەیە.