سەردێر

دواین زانیاری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی عێراق

خەڵك-

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەركەكانمان لەژێر هیچ فشارێكدا جێبەجێ ناكەین.

حەسەن سەلمان بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكان لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، كۆمیسیۆن ئەركەكانی لەژێر هیچ فشارێكدا جێبەجێ ناكات و كار و ئەركەكانیان لە چوارچێوەی یاسا ئەنجام دەدەن.

وتیشی”كۆمیسیۆن سەرجەم تانەكان كە ژمارەیان چوار هەزار و ٣٢٤ تانەیە ڕەوانەی دەستەی دادوەرەیی بۆ هەڵبژاردنەكان كردووە و دەستەكەش بڕیاری خۆی لەبارەی تانەكانەوە دەدات كە ئەنجومەنی كۆمیسیاران و سەرجەم لایەنەكان پێوەی پابەنددەبن”.

ئاشكراشیكرد، دوای پێداچوونە بە تانەكان لەلایەن دەستەی دادوەریی بۆ هەڵبژاردنەكان، كۆمیسیۆن ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان ڕەوانەی دادگای باڵای فیدراڵی دەكات و پەسەندكردن یان ڕەتكردنەوەی ئەنجامەكانی كۆتایی هەڵبژاردنەكان لە دەسەڵاتی دادگای باڵای فیدراڵیدایە.
ئەمەش لەكاتێكدایە، بەشێك لە لایەنەكان ناڕازین لە ئەنجامەكان و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییان دەستپێكردووە و ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كۆمسیۆن سەربەخۆ نییە و دەستكاری دەنگەكانی بەشێك لە لایەنەكانی كردووە.