سەردێر

“لیژنەى لێکۆڵینەوە لەدەنگۆی فرۆشتنی کارتی ڤاکسینی کۆرۆنا دروستدەکەین”

 

خەڵک – نزار جەزا

 

لیژنەى لێکۆڵینەوە بۆ سەلماندنی ڕاستی و دروستی لەکڕین و فرۆشتنی کارتی ڤاکسینی کۆرۆنا لەسلێمانی دروستدەکرێت و سەرپەرشتیاری بنکەیەکی ڤاکسینی کۆرۆناش جەختدەکاتەوە، نەیبینیوە کڕین و فرۆشتن بە کارتی ڤاکسینی کۆرۆناوە بکرێت، بۆیە هەر کەسێکیش بەڵگەی پێیە زۆر سوپاس دەکەن، کە ئاگاداریان بکاتەوە، بۆئەوەی لێپرسینەوەی یاسایی بکەن.

 

یادگار ئەحمەد پزیشکی دەرمانساز و سەرپەرشتیاری بنکەی پێکوتەی کۆرۆنای کارگەی جگەرەکە بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، لەناوەڕاستی مانگی ڕابردووەوە ڕێژەى بەکارهێنانی ڤاکسین لەلایەن هاوڵاتییانەوە زۆر باشبووە بەجۆرێک ڕۆژانە زیاتر لە ٤٠٠ کەس سەردانیان دەکات، بەڵام لەپێش ئەو بەروارە زۆرباش نەبوو.

 

لەبارەى دەنگۆی کڕین و فرۆشتنی کارتی ڤاکسین بەبێ بەکارهێنانی ڤاکسین، ناوبراو ئەوەی خستەڕوو، لەبەهارەوە لە بەرنامەی دابەشکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا کاردەکات و پێشتریش ١٣ ساڵ لەبەرنامەی کوتاندا کاریکردووە، بەڵام نەیبینیوە کڕین و فرۆشتن بە کارتی ڤاکسینی کۆرۆناوە بکرێت، بۆیە هەر کەسێکیش بەڵگەی پێیە زۆر سوپاس دەکەن، کە ئاگاداریان بکاتەوە، بۆئەوەی لێپرسینەوەی یاسایی لەو کەسانە بکرێت، کە کڕینی و فرۆشتنی پێوەدەکەن، چونکە ناکرێت تیمە خۆبەخشەکانیان کە بەبێ موچە و لەسەر ئەرکی خۆیان خزمەت دەکەن بە تۆمەتێکی ئاوا تۆمەتباربکرێن.

 

زیاتر ڕوونیکردەوە، بەدڵنیایی لیژنە بۆ لێکۆڵینەوە لەکڕین و فرۆشتنی کارتی ڤاکسین دروستدەکەن و پێویستە یەکلایی بکرێتەوە ئایا ئەو دەنگۆیانە ڕاستن یان نا، ئەگەر ڕاستن لێپرسینەوە لەو کەسانە دەکەن، ئەگەر ڕاستنەبێت ئەوە پێویستە ڕێگری لەو دەنگۆیانە بکرێت و ئەو کەسانەش سزابدرێن کە دەنگۆی لەو جۆرە بڵاودەکەنەوە.

 

لەبارەى کاری تیمە تەندروستییەکانەوە ئاماژەى بەئەوەدا، بۆ پێدانی ڤاکسینی کۆرۆنا بەهاوڵاتییان سلێمانییان دابەشکردووە بەسەر ١٥ زۆندا، لەهەر یەک لەو زۆنانەدا بنکەیەکی پێدانی ڤاکسین هەیە، لەو بنکانەشدا چوار دانەیان لەبەیانی تاکو ئێوارە کاری تێدا دەکرێت، هاوکات تیمی گەڕۆکیشیان داناوە لەشوێنە گشتییەکان، لەلایەکی دیکەوە لەزانکۆی سلێمانی و کەمپی ئاوارەکان بنکەیان بۆ دەکەنەوە.

 

ناوبراو لەبارەى ئەو کێشانەى هاوڵاتییان بۆ تیمە تەندروستییەکانی دروستدەکەن باسی لەئەوەکرد، هەندێک هاوڵاتی کاتێک دێتە لای تیمەکانیان زانیاری بەدروستی نادەن، بەنموونە، ئەگەر کۆرۆنای هەبێت پێویستە باسی بکات، یان هەندێک نەخۆشی هەیە، کە پرسیاری لێ دەکرێت پێویستە بەدروستی بڵێت هەیەتی یان نا، چونکە دواتر ئەگەر ڤاکسینەکەی پێ بدرێت، تیمەکانیان تووشی سەرئێشە و کێشە دەبن و کەسەکەش ڕەنگە کاریگەری خراپی لەسەر دروستببێت.

 

زیاتر ڕوونیکردەوە، هاوڵاتییان کە سەردانیان دەکەن، فۆڕمێکیان پێ پڕدەکەنەوە و واژۆی دەکەن، لەو فۆڕمەدا هەر زانیارییەک هەبێت، پێویستە دروستبێت، بۆئەوەی چارەسەری پێویست بۆ کەسەکە دابنێن، بەجۆرێک کاتی پێدانی ڤاکسینی بۆ دوابخەن یان دەرزییەکی دیکەی بۆ بکەن، یان چارەسەری بۆ بنووسن پاشان ڤاکسینی پێبدەن.

 

لەبارەی ئەو کێشانەى کە لەسیستمی ئۆنلایندا بۆ تۆماری زانیاری هاوڵاتییان دروستبوون، ناوبراو ئاشکرایکرد، هەندێکجار کێشەیان بۆ دروستدەبێت، بەهۆی زۆری لۆد لەسەر سیستمەکە، ئەمەش دەبێتەهۆی خاوبوونەوەی کارەکانیان، چونکە هەم زانیاری کەسی تۆماردەکەن، هەم کاتی وەرگرتنی ڤاکسینەکەش کارادەکەن.

 

زیاتر ڕوونیکردەوە، نایانەوێت قەرەباڵغی لەنێو بنکەکەدا دروستببێت، بۆیە بەناچاری زانیاری لەکەسەکان وەردەگرن، دواتر لەسیستمی ئۆنلاین تۆماریدەکەن، تەنانەت بەشێکیان شەو لەماڵەوە تۆماریدەکەن.

 

لەبارەى چارەسەری کێشەی سیستمەکەوە ئاماژەى بەئەوەدا، وەک زانیارییان هەبێت و قسەیان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی کردبێت، کێشەکە هەموو هەرێمی کوردستانە و لەهەوڵدان چارەسەری بۆ بکەن.

 

لەئێستادا پێوستە گەشتیاران ڤاکسینیان بەکارهێنابێت پاشان ڕێگەی سەفەریان پێدەدرێت، بەڵام هەندێک کەس پێویستیان بەگەشتی خێرایە و ڤاکسینیشیان نەکردووە، لەبارەی ئەو کەسانەوە ناوبراو وتی: هەندێک هاوڵاتی تاکو نەگاتە سەر گەشتەکەی نایەت بۆ وەرگرتنی ڤاکسین، بۆ نموونە زۆر وەرزشوان هەیە لەدەرەوەی عێراق پێشبڕکێیان هەیە، بەڵام ڤاکسینیان وەرنەگرتووە، بۆیە نازانین چۆن بۆیان چارەسەربکەین، تەنانەت ئەگەر ژەمی یەکەمیش وەربگرێت فریای ژەمی دووەم ناکەوێت، لەبەرئەوە پێویستە هاوڵاتییان زووتر بێن ڤاکسین وەربگرن.