سەردێر

پلەكانی گەرما دەچنە ژێر سفر

خەڵك-
بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، ئەو ڕەشەبا سارد و وشكەی چەند ڕۆژێكە هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە كۆتایی دێت و پلەكانی گەرما بۆ ژێر سفری سەدی نزم دەبنەوە.

محەمەد كەمال، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، ئەم خێرایی با سارد و وشكەی هەرێمی گرتۆتەوە، كە بای ڕۆژهەڵاتە پێشبینی دەكەین سبەینێ‌ دوو شەممە كۆتایی پێبێت.

ڕاشیگەیاند، لە ئەمشەوەوە تا ماوەی سێ ڕۆژ پلەكانی گەرما زیاتر نزمبێتەوە بەجۆرێك پێویستە گەرمكەرەوە هەڵبكرێت و لەناوچەكانی پێنجوێن و ناوچە شاخاویەكانی پارێزگای سلێمانی لەكاتەكانی نزیك بەرەبەیان پلەی گەرما دەچێتە ژێر سفر پلەی سیلیزی.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی ئەوەی كەشێكی زۆر سارد دەست پێدەكات، بۆیە پێویستە هاووڵاتیان خۆیان لە ڤایرۆس و پەتا بڵاوەكان بپارێزن، چونكە لە كەشی ساردا ڤایرۆسەكان زیاتر گەشە دەكەن.