خەڵك-
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، لەكاتی هەوڵدان بۆ دەستگیركردنی چەند تۆمەتبارێكی ماددەی هۆشبەر، تۆمەتبارەكان ڕووبەڕووی هێزەكانی ئاسایش بوونەوە و ئەفسەرێك بەپلەی ڕائید برینداركرا.
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانی سەر بە ئاسایشی گشتی هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، لەدوای لێكۆڵینەوەكانیان و بەدواداچوون و چاودێری ورد لە شەوی 6 لەسەر 7ی 11ی 2021، توانیان لەناو شاری هەولێر دەستبگرن بەسەر سێ كیلۆ ماددەی هۆشبەر و تۆمەتبارێكیش دەستگیر بكەن، ، كە لەلایەن باندێكی بازرگانی ماددەی هۆشبەر مامەڵەی پێوەدەكرا.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لەكاتی هەوڵدان بۆ دەستگیركردنیان، تۆمەتباران ڕووبەڕووی هێزەكانی ئاسایش بوونەوە و لەئەنجامدا ئەفسەرێك بەپلەی ڕائید برینداربوو.
ئاشكراشی كردووە، تۆمەتبارانی دیكە هەڵهاتوون و هەوڵدان بۆ دەستگیركردنیان بەردەوامە.