سەردێر

“گرژی و ئاڵۆزییەكان پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق قورسدەكەن”

خەڵك
دوای هەڵبژاردنەكانی عیراق دۆخی وڵاتەكە ئاڵۆز بووە و بەردەوام خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە دژی دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكە ئەنجامدەدرێت و نوێترین پێشهات كە دۆخی عیراقی بەرەو ئایندەیەكی نادیار برد، هەوڵی كوشتنی سەرۆك وەزیرانی عیراق بوو لە بەرەبەیانی ئەمڕۆدا.

لەو بارەیەوە ئەندامێكی پێشووی پەڕلەمانی عیراق دەڵێت، گرژی و ئاڵۆزییەكان كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر حكومەتی كاربەڕێكەری عیراق و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی وڵاتەكەش قورس دەكات.

مەحموود ڕەزا، پەڕلەمانتاری پێشووی عیراق بە (خەڵك) ی ڕاگەیاند، گرژی و ئاڵۆزییەكانی بەغدا كاریگەرییەكی زۆر خراپی هەیە لەسەر حكومەتی عیراق كە ئێستا حكومەتێكی كار بەڕێكەرە و دەسەڵاتی بڕیاری كاریگەری نییە، ئەو كەسانەش كە ئەم پشێویەیان دروستكردووە، ئەو هەلەیان قۆستووەتەوە.

دەشڵێت، ئەو كەسانەی ئاڵۆزی دروست دەكەن دەیانەوێت دۆخەكە والێبكەن كە هەڵبژاردن لەمەودوا هیچ سودێكی نەبێت لە عیراقدا و بڵێن ئەگەر خەڵك ئەنجامی هەڵبژاردن قبوڵ نەكات ئیدی بۆچی ئەنجام بدرێت؟

وتیشی، ئەو ئاڵۆزییانە پێكهێنانی حكومەت قورسدەكەن، هەرچەندە ئەو هەوڵەی ئەمڕۆ دراوە بۆ كوشتنی مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عیراق ئەگەر خەڵكی عاقڵ هەبێت ئەو هەلە دەقۆزێتەوە بۆ ئەوەی هاوكێشەی سیاسی عیراق ڕاستبكاتەوە، هاوكات هەلێكیشە بۆ ئەوەی گۆمەكە خراپتر بشڵەقێنرێت.

ئاماژەی بە ئەوەشكرد، كورد بەشێكە لە عیراق و ئەوانەی پێیان وابێت كە بوونی پشێوی لە عیراق و ناوچە عەرەبییەكان ئێمە قازانجی لێدەكەین، ئەوانە خەڵكی دواكەوتون و خۆیان ناتوانن نمونەی جوان نیشان بدەن و چاویان لەوەیە ئەزموونی كەسانی دیكە ناشیرینتر بكەن بۆ ئەوەی ناشیرینییەكانی خۆیان دەرنەكەوێت.

مەحموود ڕەزا دەشڵێت، ئەم دۆخەی ئێستای عیراق هیچ لایەنێك لێی سودمەند نابێت، بۆیە هەتا عیراق زیاتر ئارام بێت و بەغدا سیستمێكی بەهێزی سیاسی هەبێت كە تێیدا ڕێز لە دەستوور و یاسا بگیرێت، ئێمەی كورد قازانجی زیاتر دەكەین.