سەردێر

هەولێر.. هەڵمەتی پێدانی ڤاكسین بە منداڵان ڕاگەیەنرا

دەبێت هەتا كۆتایی ئەمساڵ هەموو مامۆستایان ڤاكسین وەربگرن

خەڵك
ھەڵمەتی كوتانی منداڵانی ١٢ ساڵ و قوتابیانی كۆلێژ و پەیمانگاكان دەستیپێكرد و وەزیری تەندروستی هەرێم ڕایگەیاند، تا كۆتایی ئەمساڵ دەبێت هەموو مامۆستایان ڤاكسین وەر بگرن.

هەڵمەتەكە بە ئامادەبوونی هەر یەكە لە سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ھەرێمی كوردستان و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئەحمەد زوبێتن، بەرپرسی رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە عیراق دەستیپێكرد.

لە هەڵمەتەكەدا یەكەم منداڵی تەمەن ١٢ ساڵ بەناوی ژیار فەیسەڵ، یەكەم ژەمی ڤاكسینی وەرگرت.

 

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی،، ئەم ھەڵمەتەدوای راسپاردەكانی لیژنەی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و پێدانی ڤاكسین یەكێك لە مەرجەكانە بۆ درێژەپێدان بە ژیان، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیش، ھاوشێوەی وەزارەتی پەروەردە دەبێت ھەفتانە پشكینی تاقیگەیی بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنایان ھەبێت، ئەگەرنا دەبێت بڕوانامەی لێدانی ڤاكسینیان ھەبێت ئەمەش بۆ پاراستنی چین و توێژەكانی كۆمەڵگایە و داواكارین ھەموولایەك ھاوكاربن.

 

سامان بەرزنجی، ئەوەشی وت، لە ھەموو ھەرێمی كوردستان ١٢ یەكە دانراوە كە لە ھەریەكەیەك دوو تیمی گەڕۆك ھەیە، بە گشتی ٤٥ تیمی گەڕۆك ھەیە لە ھەرێمی كوردستان، تیمەكان سەردانی ھەموو شوێنە قەرەباڵغەكان دەكەن و ڤاكسین بە ھاووڵاتییان دەدەن.

 

وەزیری تەندروستی ھەرێمی كوردستان ئەوەیشی خستەڕوو، تا كۆتایی مانگی ١٢ دەبێت ھەموو مامۆستایەك لە كوردستان ڤاكسینی وەرگرتبێت، ئەگەرنا ناتوانن بچنە پۆلەكانی خوێندن، لەگەڵ ئەوەشدا پێدانی ڤاكسین بە منداڵان و قوتابیانی زانكۆ و پەیمانگاكان لە رێگای تیمە گەڕۆكەكان دەبێت.

 

هاوكات دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، ئێستا دۆخی تووشبوونی هاووڵاتییان بەرزە و هێشتنەوە لەنەخۆشخانە و هۆبەكانی چاودێری چڕ زۆرە و هێشتا ڤایرۆسی كۆرۆنا مەترسییە لەسەر كۆمەڵگەكەمان، پێویستمان بەخۆپارێزی بەردەوام هەیە.

 

هەر لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا ئەحمەد زویێتن، بەرپرسی رێكخراوی تەندروستی جیھانی لە عێراق وتی، من لێرە لە عیراق ڤاكیسنم وەرگرتووە و دواتر كۆرۆناشم گرت، بەڵام بەشێوەیەكی سووك تووشی كۆرۆنا بووم ھۆكارەكەیشی بەھۆی ڤاكسینەكە بوو كە پێشتر وەرمگرتبوو، ھەربۆیە ئەمەش وا دەكات ھەموومان پارێزراوبین.