سەردێر

مەترسییەكان بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان سەرهەڵدەدەنەوە

ئەمریكا و رووسیا و توركیا و هەسەدە و میلیشیاكان هێز كۆدەكەنەوە

خەڵك-تەنیا هەورامی

ئەندامێ نوێنەرایەتیی ڕێڤەبەری خۆسەری ڕۆژئاوا لەباشووری كوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەموو ئەگەرێك بۆ هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان بوونی هەیە.

ئەمریكا و ڕوسیا بێ هەڵوێستن

هەرچەندە ئەمریكا و ڕوسیا لە ڕۆژئاوای كوردستان خۆیان جێگیر كردووە و بە بیانووی شەڕی دژی داعش بە بەردەوامی چەك لە ناوچەكە كۆدەكەنەوە، بەڵام لەبەرانبەر دۆزی كورد لەو وڵاتە دووڕوون و هەركاتێك توركیا هێرشی كردبێت و بەشێك لە ناوچەكەی داگیر كردبێت ئەوان هیچ هەڵوێستێكیان نەبووە، تەنانەت هیچ هەڵوێستێكیان لەسەر لەنابردنی دانیشتوانی ئەو ناوچانە نەبووە كە بوونەتە قوربانی دەستی سوپای تورك و هاوپەیمانەكانیان، بەشێك لە چاودیرانی سیاسی پێیانوایە بوونی ڕوسیا و ئەمریكا جگە لە بەرژەوەندی ئابووری هیچ شتێكی دیكە نییە و دەیانەوێ لەسەر حسابی یەكتر و ناوچەكە زۆرترین قازانجی ماددی و سیاسی بۆ خۆیان فەراهەم بكەن.
بەپێی زانیارییەكان ئێستا رووسیا هێز و كەرەستەی سەربازی بەتایبەتی فڕۆكەی جەنگی مێگ لە قامیشلۆ جێگیردەكات، هاوكات ئەمریكاش لە هەندێك ناوچەی دیكە هێزی جێگیركردووە، بەڵام دیارنییە بەرامبەر لەشكركێشییەكانی توركیا چ دەكەن.
فەتحوڵلا حوسەینی ئەندامی نوێنەرایەتیی ڕێڤەبەری خۆسەری ڕۆژئاوا لەباشووری كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، مەترسییەكای سەر ڕۆژئاوای كوردستان و هەڕەشەكانی توركیا پەیوەندی بە ڕێكەوتنی نێودەوڵەتییەوە هەیە.

Turkish soldiers keep watch as military vehicles of a joint Russian-Turkish patrol pass through the M4 highway on the outskirts of the rebel-held town of Ariha in Syria’s northwestern Idlib province on May 7, 2020. – (Photo by Omar HAJ KADOUR / AFP)

وتیشی”ڕێكەوتنی نوێ بەتایبەت ئەمریكاو ڕوسیا تا ئێستا بوونی نییە، تاكو شەڕێكی نوێ لەلایەن توركیاوە دروست بكرێت، هەرچەندە توركیا وڵاتێكی داگیركەرە و هێرشەكانی نەوەستاوە و هەڕەشەكانی جددین و ڕاستن بەرانبەر پڕۆژەی سیاسی لە ڕۆژئاوا”.

ئاشكراشیكرد، كۆكردنەوەی هێز لەلایەن ئەمریكا و ڕوسیا و توركیا و تەنانەت حكومەتی سوریا و ڕێڤەبەری خۆسەر بۆئەوەیە كە ئێمە بەرانبەر شەڕێكی گەورەین ئەگەر ڕوویدا، بەڵام لەو بڕوایەدا نین لەمكاتەنەدا ڕووبدات، چونكە هەموو جیهان باسی چارەسەری سیاسی دەكات و باسی گەڕانەوەی ئاوارەكان دەكات، تەنها توركیا باسی شەڕ و چەك دەكات، لەبەر ئەوە ئەگەر موئامەرەیەك لەلایەن توكیا و سوپاكەی هەبێت ئەوە زیانی گەورە تەنها توركیا دەیكات نەك ڕۆژئاوای كوردستان.

هیچ ڕێكەوتنێك نییە بۆ هێرشكردنەسەر ڕۆژئاوا

ڕوونیشیكردەوە، ڕاستە مەترسی هەیە و ئێمە لە بەرانبەر شەڕێكین، بەڵام ئەمریكا و ڕوسیا هیچ هەڵوێستێكیان نییە و ڕێكەوتنێك لەنێوان مۆسكو و واشتن و ئەنقەرە نییە كە بەم نزیمانە هێرش بكرێتەسەر ڕۆژئاوا.

سیناریۆكانی توركیا بۆ هێرشكردنەسەر ڕۆژئاوا

ڕێزان حەدۆ وتەبێژی پێشووی هێزەكانی خۆپاراستن لەعەفرین بە تۆڕی سپۆتنیكی ڕاگەیاند، دوو سیناریۆ لە ئارادایە، سیناریۆی یەكەم ئەوەیە، توركیا ڕێگای ئێم 4 واتە ڕێگای حەلەب-لازقییە بۆ شوێنی هێزەكانی ڕوسیاو دیمەشق دەستەبەردەكات‌ و گروپە چەكدارە سورییەكان لەناوچەكانی باشووری ئۆستراد دەكێشێتەوە، لەبەرامبەردا توركیا لەقۆناغی یەكەمدا هێرشدەكاتەسەر هەندێك گوندی باكوری حەلەب كە لەژێر كۆنتڕۆڵی هەسەدەدایە.

وتیشی”توركیا لەقۆناغی دووەمدا هێرشدەكاتەسەر كۆبانێ، بەوەش توركیا ناوچەكانی ئۆپەراسیۆنی كانی ئاشتیی‌ و قەڵغانی فورات بەیەكەوە دەبەستێتەوە”.

سەبارەت بەبێهەڵوێستی ئەمریكا و ڕوسیا لەبەرانبەر توركیا، ناوبراو ڕایگەیاند، سیناریۆی دووەم ئەنجام دەدرێت كە ئەنقەرە پڕۆسەی بەئامانجگرتنی كەسایەتییە دیارە سەربازیی‌ و مەدەنییەكانی ئیدارەی خۆسەر چڕدەكاتەوە، ئەگەرهات‌ و لەبەرامبەردا هەسەدە پەرچەكرداری نواندو پەلاماری خاڵ‌و پێگە سەربازییەكانی توركیایدا، ئەوە دەكاتە پاساو بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی دژ بەهەسەدە.

هەڵوێستی خۆسەری ڕۆژئاوا لەسەر هەڕەشەو سیناریۆكانی توركیا

فەتحوڵلا حوسەینی سەبارت بە سیناریۆكانی توركیا ڕایگەیاند، هەموو سیناریۆكان بوونیان هەیە، توركیا بە بەردەوامی دژایەتییەكانی بۆسەر ڕۆژئاوا نەوەستاوە، پلانی هێرشكردنیشی هەیە و هەموو هەوڵە دیبلۆماسیی و سیاسییەكانیشی خستووەتەكار هەموو رێككەوتنی چەك لەگەڵ ئەمریكا و ڕوسیا دەكات تاكو دەستكەوتێك بەدەستبهێنێت دژی ڕۆژئاوا.

ئاشكراشیكرد، سیناریۆی هێرشكردنەسەر كۆبانێ ڕاستە، بەڵام ئەو شارە ئێستا سمبولێكی كوردستانی نییە، بەڵكو سیمبولێكی جیهانییە و مەحاڵە توركیا هێرش بكات، دواتر ناوچەیەكی نفوزی ئەمریكییە و مەحاڵە ڕێكەوتنی ئەمریكی و توركی هەبێت بۆ ئەوە، هەرچەندە توركیا هەموو شتێك دەتوانێت بكات پلانی هەیە كە بەردەوام دژی رۆژئاوا بێت، هەروەها بۆ سیناریۆی دووەم، بە ئامانجگرتنی كەسایەتییەكان ڕۆژانە دەیكات لە ڕۆژئاواش و لە باشوری كوردستانیش تا ئێستا هیچ هێزێكی نێودەوڵەتیش نەیوتووە بۆچی ئەو هێرشانە دەكەیت، ئەوە پلانێكە هەیە و ئەگەر هەیە بەردەوامیش بێت.

ڕوونیشیكردەوە، توركیا هێرش و هەڕەشەكانی لەسەر ڕۆژئاوا نەوەستاوە، ڕێكەوتنێكی ڕووسی – توركی و ڕێكەوتنی توركی – ئەمریكی هەیە كە ئاگربەست هەبێت، بەڵام توركیا پابەند نەبووە و هێزەكانی سوریای دیموكرات وەستاون و توركیا هەڕەشەی ڕۆژانەی هەیە.